ڕۆژنامەیەک: داعش لە سووریا دەستی بە جموجووڵ کردووەتەوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەیهكی ئهمهریكی لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا، ناجێگیری بارودۆخی ئەو وڵاتە و گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات، چەکدارانی داعش تەکنیکی خۆیان گۆڕیوە و هێرشەکانیان زیادی کردووه.
شەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، لە بارەی جموجووڵەکانی چەکدارانی داعش لە سووریا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، چهکەدارانی داعشی هان داوە بۆ ئەوەی چالاکییەکانیان زیاد بکەن.
ئاماژەی بەوەش کردوە، لە مانگی نیسانی 2025، ئەمەریکا بڕیاری دا ژمارەی سەربازەکانی لە دوو هەزارهوه بۆ هەزار و 500 سەرباز کەم بکاتەوە، کە بەشێکی زۆریان لە دێرەزوور جێگیر کرابوون.
ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، چەکدارانی داعش تەکنیکی شەڕکردنیان گۆڕیوە، بە شێوەی شانەی بچووک کە ژمارەی ئەندامەکانی لە پێنج کەس تێپەڕ ناکات، چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، هەروەها بە هۆی بوونی پەیوەندی بەردەوامی شانەکان بە یهكدییهوه لە شار و ناوچە جیاجیاکان، دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنیان زەحمەت بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، چەکدارانی داعش بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە و ئاشکرا نەبن جلوبەرگی سەربازی ناپۆشن، هاوکات لە ناو خەڵکی سیڤیلی ناوچەکەدا دەژین کە بەشێکی زۆر لە چەکدارەکان بە ڕەگەز هاووڵاتیی سووریان.
