بانکی ناوەندی: تا کۆتایی ساڵ دەبێت بازرگانانی هەرێم لە "ئەسیکۆد" تۆمار بکرێن
بانکی ناوەندیی عێراق خستنە ڕووی دۆلاری بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە و لە بڕیارێکی نوێشدا مەرجێکی توند بۆ پێدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان دادەنێت کە وەک هەنگاوێکی "سیاسی" وەسف دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ماوەی دوو هەفتەیە بانکی ناوەندیی عێراق خستنەڕووی دۆلاری بە ڕێژەی 50% کەم کردووەتەوە. هۆکاری ئەم کەمکردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی چوار بانکی بازرگانی، کە ئەو چوار بانکە کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە و پێشتر 40%ـی کۆی فرۆشتنی دۆلار لە بازاڕدا لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەنجام دەدرا.
لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی بڕیارێکی نوێی بانکی ناوەندی، لە ڕێکەوتی 1ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، هەر بازرگانێکی هەرێمی کوردستان ئەگەر خۆی لە سیستەمی "ئەسیکۆد" تۆمار نەکردبێت، بێبەش دەبێت لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی و ناتوانێت کەلوپەل هاوردەی عێراق و کوردستان بکات.
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، پێشتر داوا لە بازرگانان دەکرا پشتگیری لە بەغداوە بهێنن، بەڵام سەرەڕای تەواوکردنی ڕێکارەکان، تێبینی دەکرێت بڕیارەکە سیاسییە و ئامانج لێی لەقاڵبدانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە.
شوکری جەمیل ئاشکراشی کرد، لە 3ـی تشرینی دووەمەوە کەلوپەلی کۆمپانیاکانی هەرێم لە بەندەری ئوم قەسر ڕاگیراون، بۆیە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکەن لەسەر ئەم پرسە بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی بازرگانان تووشی زیانی زیاتر نەبنەوە.
