هەڵکشانی ڕێژەی بێوەژنی و دەرهاویشتە داراییەکانی بۆ سەر سیستەمی خانەنشینیی فەرەنسا
پەیمانگای نیشتمانیی فەرەنسا بۆ توێژینەوە دیمۆگرافییەکان ئاشکرای کرد، ڕێژەی ئەو ژنانەی هاوسەرەکانیان لەدەست دەدەن لە دوای تەمەنی 60 ساڵییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سیستەمی خانەنشینی و بە تایبەت "مووچەی میرات" دروست کردووە.
بە پێی توێژینەوەی پەیمانگای نیشتمانیی فەرەنسا بۆ توێژینەوە دیمۆگرافییەکان، دیاردەی "بێوەژنی" یەکێکە لەو گۆڕانکارییە بێدەنگانەی ڕووبەڕووی ژنانی فەرەنسا دەبێتەوە.
ئامارەکان دەریدەخەن کە لە تەمەنی 60 ساڵیدا، لە هەر سێ ژنێک یەکێکیان بێ هاوسەر دەمێنێتەوە، ئەم ڕێژەیە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا زیاتر دەبێت و لە دوای تەمەنی 75 ساڵییەوە بۆ "یەک ژن لە کۆی دوو ژن" بەرز دەبێتەوە.
ڕۆژنامەی "سود وێست"ی فەرەنسی لەم بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، توێژینەوە نوێیەکەی پەیمانگەی نیشتمانی دەرگەی لەسەر دۆسیەیەکی هەستیار کردووەتەوە کە پەیوەستە بە "مووچەی میرات"ـەوە؛ ئەو مووچەیەی بە خوێنبەر و سەرچاوەی سەرەکیی بژێویی ژیانی زۆرێک لە ژنانی هاوسەر لەدەستداو دادەنرێت.
داتاکان ئاماژە بە قورسایی ئەم دۆخە دەکەن لەسەر بودجەی گشتی:
-لە ساڵی 2020ـدا، نزیکەی 3.6 ملیۆن کەسی سەروو 60 ساڵ وەک "هاوسەر لەدەستداو" تۆمار کراون، کە 81%ـیان ژنن.
-لە ساڵی 2022ـدا، نزیکەی 250 هەزار کەسی خێزاندار (170 هەزار ژن و 77,400 پیاو) هاوسەرەکانیان لەدەست داوە.
-تەنیا لە ساڵی 2024ـدا، تێچووی "مووچەی میرات" گەیشتووەتە 38.7 ملیار یۆرۆ، کە دەکاتە 1.3%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی فەڕەنسا.
کێشە یاساییەکان و مافی میرات
لە ڕووی یاساییەوە، پێناسەی "بێوەژنی" تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە گرێبەستی فەرمیی هاوسەرگیرییان هەیە. ئەمەش کۆمەڵێک کێشەی دروست کردووە:
1. ئەو کەسانەی بەبێ گرێبەستی یاسایی پێکەوە دەژین (پەیوەندیی ئازاد)، لە مافی وەرگرتنی مووچەی میرات بێبەش دەبن.
2. لە بەرانبەردا، هەندێک لە تەڵاقدراوان سەرەڕای جیابوونەوەیان، بە پێی یاسا هێشتا مافی وەرگرتنی بەشێک لە مووچەی هاوسەری پێشوویان هەیە.
3. بەشێک لەوانەی شایستەی مووچەکەن، بە هۆی نەشارەزاییەوە داواکاری پێشکەش ناکەن.
ئاڵنگارییەکانی داهاتوو
توێژینەوەکە پێشبینی دەکات تا ساڵی 2070، جیاوازیی تەمەنی پێشبینیکراو بۆ ژیان لەنێوان ژنان و پیاواندا بۆ نیوە کەم ببێتەوە، ئەمەش وا دەکات ماوەی هاوسەرگیری درێژتر بێت و ماوەی مانەوە بە "تەنیا" کەمتر بێتەوە.
سەرەڕای ئەمە، پرسیاری جیددی دەخرێتە سەر توانای سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتیی فەرەنسا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ شێوازە نوێیەکانی ژیان، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیریی فەرمی ژیان بەسەر دەبەن و هیچ پارێزبەندییەکی داراییان نییە.
