بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی: هەژماری بانکی لە بانکی چەرمۆ بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ کراوەتەوە

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، هەژمارێکی بانکی کراوەتەوە و چەندین لیژنەش دەستیان بە خەمڵاندنی زیانەکان کردووە.

پێنجشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، بابەڕەسووڵ غەفوور، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە سلێمانی، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (باسی ڕۆژ)ی کوردستان24 کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، ڕایگەیاند: بە مەبەستی کۆمەککردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، هەژمارێکی بانکی تایبەت لە بانکی چەرمۆ کراوەتەوە، تاوەکوو هەر هاوکارییەک هەبێت لەوێ کۆبکرێتەوە و دواتر بۆ قەرەبووکردنەوە بەکاربهێنرێت.

سەبارەت بە شێوازی قەرەبووکردنەوە و زانینی بڕی زیانەکان، بابەڕەسووڵ ئاماژەی بەوە دا چەندین لیژنەی مەیدانی پێکهێنراون و دەستیان بەکارەکانیان کردووە.

گوتیشی: ئەرکی ئەو لیژنانە بریتییە لە تۆمارکردن و دیاریکردنی قەبارەی ئەو زیانانەی بەر ماڵەکان، دووکانەکان و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان کەوتوون، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی قەرەبووی هاووڵاتییان بکرێتەوە.

ناوبراو جەختیشی کردەوە، هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی تۆمارکردنی زیانەکان، کارەکان بۆ پاککردنەوەی گەڕەکەکان و دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ لێقەوماوان وەک ئەولەویەت بەردەوامە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل