مێسی بەشداریی مۆندیالی 2026 دەکات؟ خۆی وەڵام دەداتەوە
گرنگترین قسەکانی لیۆ لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا
مێسی لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا باسی داهاتووی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات و لەبارەی بەشداریکردنی لە مۆندیالی داهاتووش بڕیاری خۆی ئاشکرا دەکات.
لیۆنێل مێسی هێرشبەری ئینتەر مەیامی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی NBC NEWSـی ئەمریکی لەبارەی بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 دەڵێت :'دەمەوێت بەشداریی مۆندیال بکەم و لە دۆخێکی باشدا بم، هیوادارم ئەگەر بەشداریی بکەم، بتوانم یارمەتی هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەم بدەم، کاتێک قۆناخی خۆئامادەکردنی ئینتەر مەیامی بۆ وەرزی نوێ دەستی پێکرد، هەڵسەنگاندنێک بۆ خۆم دەکەم، سەیر دەکەم ئەگەر بزانم ٪100 دەتوانم بەشداریی بکەم و سوودم بۆ هەڵبژاردەکەم هەیە، ئەوکات بڕیاری خۆم دەدەم'.
انت الـ GOAT 🐐 صحيح؟
— Messi World (@M10GOAT) October 27, 2025
الأسطورة ليو ميسي: 😁 pic.twitter.com/vxXggkC5lf
هەروەها لیۆ دەشڵێت :'ئاشکرایە من زۆر بۆ جامی جیهانی تامەزرۆم، ئێمە وەکو پاڵەوانی جامی جیهانی بەشداریی دەکەین، ئەگەر بتوانین پاریزگاری لە جامی جیهانی بکەین و جارێکی دیکە ببینە پاڵەوان شتێکی ناوازە دەبێت، هەمیشە خەونی من ئەوە بووە بە درێسی هەڵبژاردەکەم بەشداریی پاڵەوانێتییە فەرمییەکان بکەم، هیوادارم خودا جارێکی دیکە دەرفەتی بەشداریکردنم لە جامی جیهانی پێبدات'.
مێسی لەبارەی بەدەستهێنانی جامی جیهانی 2022 دەڵێت :'بەدەستهێنانی جامی جیهانی خەونی هەموو یاریزانێکە، لە هەر یاریزانێک بپرسی خەونت چییە بێگومان دەڵێت بەدەستهێنانی جامی جیهانی، بەدەستهێنانی جامی جیهانی خەونی من بوو، تاکە شت بوو کە لە کاروانی وەرزشی خۆمدا بەدەستم نەهێنابوو'.
مێسی 38 ساڵان لەبارەی خۆگونجاندنی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی دەڵێت :'کاتێک تەمەنت هەڵدەکشێت ناتوانیت هەندێک شت بکەی کە لە تەمەنێکی بچووکدا دەتتوانی ئەنجامیان بدەی، وەکو خێرایی، تۆ ناتوانی خێرا بی و کاردانەوەت خێرابی و بە خێراییش بڕیار بدەی و بە خێراییش یاریگا ببینی، هەندێکجار عەقڵت لە پێیەکانت خێراتر دەبێت، بەڵام وابزانم من هەمیشە هەوڵمداوە بەرسەر ئەم دۆخەدا زاڵ بم و ئەوەی لە توانامدا هەیە پیشکەشی بکەم، هەمیشە هەوڵمداوە خۆم لەگەڵ ئەم قۆناخە نوێیە بگونجێنم و سوودی تەواو لە شیوازی یاریکردنم و ئەوپەڕی توانای جەستەییم وەربگرم'.
هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە لەبارەی باشترینەکانی یارییە وەرزشییەکان دەڵێت :'لەلای ئێمەی ئەرجەنتینییەکان دیێگۆ ماڕادۆنا باشترینە، ئێمە زۆر شتی لێوە فیربووین، هەرچەندە من بچووک بووم کاتێک راستەوخۆ سەیری یارییەکانم دەکرد، بەڵام زۆر شتی لێوە فیربووم، دیێگۆ هەموو سنوورێکی تێپەڕاندبوو، ئەگەر باسی یارییەکانی دیکەش بکەین، بروام وایە لە باسکە مایکڵ جۆردان ئەفسانە بوو، لە تێنس سیانەی نادال و فیدرێر و جۆکۆڤیچ ئەفسانە بوون و ئەم یارییەیان زۆر بەرەو پێشەوە برد'.
