کۆمیسیۆن کەمکردنەوەی نرخی پێدانی باجی ڕاگەیاندکارانی بۆ ڕووماڵكردنی ههڵبژاردنهكان ڕەت کردەوە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاری دا وەرگرتنی نرخی باج بۆ ئەو پەیامنێر و ڕاگەیاندنکارانەی ڕووماڵی هەڵبژاردنەکان دەکەن وەک خۆی بەردەوام بێت، ئەم بڕیارە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانی ناوخۆییش دەگرێتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەکان ، ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕایگەیاند: ئەو پێنج هەزار دینارەی لە بەرانبەر دروستکردنی باج لە پەیامنێران و ڕاگەیاندنکاران لە کاتی ڕووماڵی هەلبژاردندا وەردەگیرێت لەم هەڵبژاردنەشدا وەک خۆی بەردەوام دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆندا هاتووە: ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆبوونەوەی خۆیدا بابەتی تێچووی دەرکردنی باج بۆ پەیامنێر و ڕاگەیاندکاران و نوێنەرانی لایەنە سیاسییهکان و چاودێرانی سیاسی ناوخۆیی و تاوتوێ کردووە، دوای ڕاوێژکردن، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە پێشنیازی کەمکردنەوەی تێچووی باجەکانیان بە بڕی یەک هەزار دینار ڕەت کردووەتەوە و لە سەر بەردەوامبوونی نرخی ئیستای کە پێنج هەزار دیناره بۆ هەر باجێک، پێداگر بوون.
ئەو ڕاگەیاندنکارانەی لە بنکەکانی دەنگدان ڕووماڵی هەڵبژاردن دەکەن پێویستە هەڵگری باجی تایبەت بن و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە باجی تایبەت و نووسراوی فەرمی دەزگاکەیان پێ بێت کە ناوی سەرجەم ئەندامانی تیمی ڕووماڵی بە پەیامنێر و وێنەگرانیشەوە تێدا بێت.
بڕیار وایە لە ڕێككهوتی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 30 ملیۆن عێراقی لە کۆی 46 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، نزیکەی حهوت ملیۆن عێراقیش بەهۆی نەبوونی کارتی دەنگدان یاخود کێشە لە کارتەکانیان بێبەش دەبن لە مافی دەنگدان.
