حه‌ماس و ئیسرائیل بیانوو پێك ده‌گرن

حەماس و ئیسرائیل یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەستی غەززە تۆمەتبار دەکەن؛ حەماس، ڕایده‌گەیه‌نێت، ڕادەستکردنی تەرمی بارمتەیەکی دیکە دوا دەخات؛ هاوکات سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە سوپا کرد هێرشێکی فراوان بۆ سەر غەززە دەست پێ بكات.

سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، کەتیبەکانی عیزەددین قەسسام، باڵی سەربازیی حەماس ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە ئاگربەستی غەززە، ڕادەستکردنەوەکەی تەرمی بارمتەکان دوا ده‌خه‌ن، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ڕادەستییان بکاته‌وه‌؛ هەروەها هۆشداری دا هەر گرژییەک لەلایەن ئیسرائیلەوە، ڕێگری ده‌كات لە دۆزینەوەی تەرمی بارمته‌كانی دیكه‌.

ڕاگەیەندراوەکەی حەماس دوای ئەوە هات، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپا کرد هێرشێكی فراوان بۆ سەر کەرتی غەززە ده‌ست پێبكات و حەماسی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن حەماس بە ئه‌نقه‌سه‌ت پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان دوادەخات بۆ کات کوشتن و خۆدزینەوە لە چەک داماڵین، کە بەشێکە لە قۆناغەکانی داهاتووی ئاگربەستەکە. لە بەرانبەردا، حەماس جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، بەهۆی وێرانکاریی بەرفراوانی غەززە و بوونی تەقەمەنی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی لۆجستی بوونەتەوە لە دۆزینەوەی تەرمەکان.

هەروەها یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی لە غەززە و دوا خستنی ڕادەستکردنی بارمتەکان حەماس بە پێشێلکاری ئاگربەستی و بەزاندنی سنوورەکان تۆمەتبار دەکات و هۆشداری دەدات ئەو بزووتنەوە باجێکی قورس دەدەن؛ هاوکات بەرگریی شارستانی غەززەش ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئیسرائیل دوای فەرمانەکەی ناتانیاهۆ، سێ هێرشی ئاسمانی کردووەتە چەند ناوچەیەک لە کەرتی غەززە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای واژۆکردنی ئاگربەستی غەززە لە لایەن ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا 16 تەرمی بارمتەکان لە ڕێگەی ڕێکخاری خاچی سووری نێودەوڵەتی ڕادەستی ئیسرائیل کراوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیایان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment