نەتەوە یەکگرتووەکان: جیهان زۆر لە ئامانجەکانی کەشوهەوا دوورە
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لە وڵاتان دەگرێت لەسەر ئەوەی پابەندی ڕێنمایی و پەیماننامەکانی پاراستنی ژینگە و سنووردارکردنی پیشەسازیی نین، ڕاشیگەیاند، بەڵێنی وڵاتان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کاربۆن و غازە دەردراوەکان تا ساڵی 2035 تەنیا 10% کەم دەکاتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، بەهۆی دواکەوتنی زۆربەی وڵاتان لە پێشکەشکردنی پلانەکانیان لە کاتی دیاریکراودا، نەتوانراوە پێداچوونەوەیەکی کاریگەریی جیهانی لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا پێشکەش بکەن.
تەنیا چەند ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوای "COP30 بەرازیل"، بەشی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارێکی ئاستی دەردانی غازی خستە ڕوو.
داتاکانی ئامارەکە زیاتر چین و یەکێتی ئەورووپای گرتەوە کە پیسکەری سەرەکین و پێشنیازی نوێیان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی غازە دەردراوەکانیان پێشکەش نەکردووە.
ئەنتۆنیۆ گۆترێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، خاوبوونەوەی کارکردنی وڵاتان، ئاماژەیە بۆ شکستهێنانی هەوڵەکانی سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە ڕێژەی 1.5 پلەی سیلیزی لە ماوەیەکی کورتدا مسۆگەر دەکات، ئەمەش کارەساتی وێرانکەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
سایمۆن ستیێل بەرپرسی بەشی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: کەمکردنەوەی غازە دەردراوەکان بە ڕێژەی 10% ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بۆ یەکەم جارە ئاستی دەردانی غازەکان دادەبەزێت هەرچەندە، بە گوێرەی پێویست نییە.
لیژنەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ڕایگەیاندووە، دەبێت تا ساڵی 2035 دەردانی غازەکان بە ڕێژەی 60% کەم بکرێتەوە، بەراورد بە ئاستەکانی 2019، بۆ ئەوەی دەرفەتێکی باش هەبێت بۆ سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهانی بۆ 1.5 پلەی سیلیزی بۆ سەرووی ئاستەکانی پێش پیشەسازیی.
ستیێڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "زانست بە هەمان شێوە ڕوونە لەسەر ئەوەی کە پلەکانی گەرمی دەبێت بە خێراترین شێوە بگەڕێندرێنەوە بۆ 1.5 پلەی سلیزی دوای هەر تێپەڕاندنێکی کاتی، ئەمەش بە خێراکردنی بەرچاوی هەنگاوەکان لە هەموو لایەنەکانەوە دێتە دی."
ڕێککەوتنامەی کەشوهەوای پاریس کە لە ساڵی 2015 بەڕێوە چوو، ئامانجیان بوو گەرمبوونی جیهانی زۆر لە خوار 2 پلەی سلیزی بهێڵنەوە بەراورد بە ئاستەکانی پێش پیشەسازی (1850-1900).
سەرەڕای ئەوەی گەرمبوونی ئێستا نزیکەی 1.4 پلەی سیلیزییە، زۆرێک لە زانایان پێیان وایە کە بە ئەگەری زۆرەوە سنووری 1.5 پلەی سلیزی پێش کۆتایی ئەم دەیە تێدەپەڕێنێت، چونکە مرۆڤەکان بەردەوامن لە سووتاندنی نەوت، غاز و خەڵووز.
بە گوتەی شارەزایان، ئەگەر پلەکانی گەرمی سنووری 1.5 پلەی سیلیزی تێپەڕێنێت، بە ئەگەری زۆر مرۆڤایەتی دەبێت هەوڵ بدات لە ڕێگای تەکنەلۆجیا ئەم گەرمبوونە دابەزێنێت کە دەبێتە هۆی دەردانی کاربۆن لە بەرگە هەوادا.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، تەنیا 64 وڵات لەکۆی 200 لایەنی بەشداربوو لە ڕێککەوتنی پاریس NDCs یان پێشکەش کردووە.
پێشبینییەکە هەروەها بەڵێنێکی چینیشی لەخۆ گرتبوو کە گەورەترین پیسکەری جیهانە، بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی دەردانی غازەکان کە بەنیازە ڕێژەی غازەکان تا ساڵی 2035 بە ڕێژەی 7-10% کەم بکاتەوە.
هەروەها لە پێشبینییەکەدا، نیازپاکی ئەورووپاش بۆ کەمکردنەوەی ئاستی دەردانی غازەکان بە ڕێژەی 66.25% تا 72.5% تا ساڵی 2035ی لەخۆ گرت.
کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە COP30 ناسراوە، بڕیارە لە 10 تا 21ی تشرینی دووەمی 2025 لە شاری بێلێم لە بەرازیل بەڕێوەبچێت.
