کوژرانی دوو سەرباز ناکۆکی دەخاتە نێوان سوپای سووریا و هەسەدە

وەزارەتی بەرگریی سووریا، کوژرانی دوو سەربازی لە هێرشێکدا ڕاگەیاند، کرابووە سەر پێگەیەکی سوپاکەیان لە باکووری سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد.

لە بەیاننامەیەکدا لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) بڵاوکرایەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: "هێزەکانی هەسەدە بە مووشەکێکی ئاراستەکراو هێرشیان کردووەتە سەر یەکێک لە خاڵەکانی سوپای عەرەبی سووریا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین."

بەگوێرەی بەیاننامەکە، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی سەربازێکی دیکە بە سەختی. وەزارەتەکە جەختی کردەوە ئەم کارەی هەسەدە بە مانای "پشتگوێخستنی هەموو لێکگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی پێشوو دێت".

لای خۆیەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات "بە توندی" ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە بە دوور زانی. هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە "هیچ ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی پێگەکانی سوپای سووریا لە دەوروبەری بەنداوی ستراتیژی تشرین ئەنجام نەداوە،" کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای حەلەب.

هەسەدە گریمانەی ئەوەی کرد ڕووداوەکە لەوانەیە بەهۆی "تەقینەوەی مینێکەوە بووبێت لە نزیک خاڵە سەربازییەکە." هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندبوونی خۆی بە "بنەماکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچە هەستیارەکاندا" دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە ئاسایشی دانیشتووانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج"

 
 
Fly Erbil Advertisment