حەماس: پرسی چەکداماڵین ئاڵۆزە و پێویستی بە کۆدەنگی هەیە
لێدوانەکان لەسەر داهاتووی کەرتی غەززە و پرسی چەکداماڵینی حەماس بەردەوامە، تێیدا هەریەکە لە حەماس، ئیسرائیل و قەتەری نێوەندگیر هەڵوێستی خۆیان ڕوون دەکەنەوە.
حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، جەختی کردەوە پرسی داماڵینی چەک بابەتێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە کۆدەنگییەکی گشتگیری فەڵەستینی هەیە. ڕاشیگەیاند، بڕیارەکانی پەیوەست بە ئاشتی و شەڕەوە دەبێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی فەڵەستینیدا بدرێن.
گوتەبێژەکە، ئامادەیی بزووتنەوەکەی دەربڕی بۆ ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتی ئەمنی لە غەززە و دەستبەرداربوون لە کۆنترۆڵی تەواوی کەرتەکە، بەڵام لە چوارچێوەی لێکگەیشتن و ڕێککەوتنی گشتگیردا. هەروەها داوای کرد فشار بخرێتە سەر ئیسرائیل بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە و پابەندبوونی تەواوی حەماسی بە ئاگربەست و گەڕانەوەی بارمتەکان دووپات کردەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دڵنیایی دا کەرتی غەززە چیتر مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناکات. لە میانی سەردانێکیدا، ناتانیاهۆ جەختی کردەوە ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل چەکداماڵینی حەماس و گۆڕینی غەززەیە بۆ ناوچەیەکی بێ چەک.
ئاشکراشی کرد، تەلئەڤیڤ لەگەڵ واشنتن کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ گۆڕینی دۆخی کەرتەکە، کارکردن لەسەر داماڵینی چەک بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ یەکێکە لە بەشەکانی پلانەکە.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵ دەدات فشار بخاتە سەر حەماس بۆ ئەوەی دان بە پێویستیی چەکداماڵیندا بنێت. هەروەها ئاماژەی بەوەدا بە ڕوونی دیارە بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستبەرداربوون لە کۆنترۆڵکردنی غەززە.
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیایان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.
