ترەمپ لەگەڵ چین گەیشتە سازانی ئابووری

دیداری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و شی چی بینگ سەرۆکی چین
دیداری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و شی چی بینگ سەرۆکی چین

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و شی جین پینگ سەرۆکی چین لە شاری بووسانی باشووری کۆریای باشوور کۆبوونەوە و پرسی ئابووری و بازڕگانی نێوان وڵاتەکانیان تاوتوێکرد و گەیشتن بە سازان.

کۆبوونەوەکەی دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30 تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەچوو، بە گوێرەی زانیارییەکانی فرانس پرێس، کاتژمێرێک و 40 خوولەکی خایاندووە.

هەروەها ئاژانسی شینخوای چینی بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی چین  لە دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووەتە سازان لەسەر بابەتە ئابووری و بازرگانییەکان.

ڕاشیگەیاندووە، تیمە بازرگانی و ئابوورییەکانی هەردوو وڵات بیروڕایان لەبارەی بابەتە گرنگەکان ئاڵوگۆڕکردووە و گەیشتوونەتە ئەنجامێکی باش بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان.

سەرۆکی چین ئاماژەشی دا، گەشەپێدانی چین لەگەڵ دیدگای ترەمپ بۆ "گەڕاندنەوەی شکۆی ئەمەریکا" ناکۆک نییە.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی چین ڕایگەیاند، دەستبەجێ چین بەرهەمی سۆیا و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ئەمەریکا دەکڕێت.

ترەمپ ڕاشیگەیاند، ڕازی بووە لەسەر ئەوەی بە ڕێژەی 10% باجی گومرگی لەسەر چین کەم بکاتەوە.

جووتیارانی ئەمەریکا بازاڕی چین بە بازاڕێکی گرنگی ساغکردنەوەی بەرهەمی سۆیا دادەنێن، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا چین هاوردەکردنی بەرهەمی سۆیای ڕاگرتبوو.

جەنگی ئابووری نێوان چین و ئەمەریکا لە مانگی ئاداری 2018 دەستیپێکرد دوای ئەوەی دۆنالد ترەمپ لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتی پلانی خۆی بۆ سەپاندنی باج بەسەر کاڵای چینی بە بڕی 50 ملیار دۆلار ڕاگەیاند، دواتریش دەستبەجێ و لە هەمان مانگدا چین وەڵامی دایەوە و لە بەرانبەردا باجی بەرزی بەسەر کاڵای ئەمەریکی هاوردەکراوی چین سەپاند.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment