سەرۆکی لوبنان: لە بەرانبەر هەر هێرشێکی ئیسرائیل وەڵاممان دەبێت
سەرۆکی لوبنان فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕاسپارد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، جۆزێف عون، سەرۆکی لوبنان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕاپۆرتی فەرماندەی گشتیی سوپا، ئیسرائیل چەندین پێشێلکاری و هێرشی بۆ سەر خاکی لوبنان ئەنجام داوە، بە تایبەت دوایین هێرش کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر شارۆچکەی بلەیدە و بەهۆیەوە کارمەندێکی شارەوانی کوژرا.
سەرۆکی لوبنان ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم کردەوەیەی ئیسرائیل لەو زنجیرە پێشێلکاری و هێرشانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە ماوەی ساڵێکی ڕێککەوتنی نێوانیاندا ئەنجامی داوە، و ئەمەش تەنیا شەڕانگێزی ئیسرائیل بەرانبەر بە لوبنان نیشان دەدات.
جۆزێف عون باسی لەوەش کردووە، کوشتنی کارمەندەکەی شارەوانی لە لایەن ئیسرائیلەوە، کاردانەوەی جەماوەری و توڕەیی هاووڵاتییانی بە دوای خۆیدا هێناوە.
لە لایەکی دیکەوە، نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند، هاتنەناوەوەی سوپای ئیسرائیل و هەڵکوتانە سەر شارەوانی شارۆچکەی بلەیدە، هەروەها کوشتنی کارمەندێک لە کاتی دەوامی فەرمی خۆیدا، مانای ئەوە دەبەخشێت، ئیسرائیل دەیەوێت سەروەری خاکی لوبنان و دامودەزگاکانی وڵاتەکە بشێوێنێت.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، هاووڵاتییەکی لوبنانی بە گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل کوژراوە. قوربانییەکە دانیشتووی شارۆچکەی بلەیدەیە لە باشووری لوبنان و کارمەندی شارەوانیی شارۆچکەکە بووە.
لە بەرانبەردا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەربازەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر باڵەخانەیەک کە لە لایەن چەکدارانی حزبوڵڵاوە بەکارهێنراوە.
سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان، کە لە 27ی تشرینی دووەمی 2024 بە نێوەندگیریی ئەمەریکا واژۆ کرا و کۆتایی بە شەڕێک هێنا کە زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بوو و تێیدا دەیان سەرکردەی حزبوڵڵا کوژران، لەوانە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا؛ بەڵام تاوەکو ئێستا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو ڕێکخراوە بەردەوامی هەیە.
