وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێک بۆ قوتابییانی دەرەوەی وڵات دەردەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت گونجاو بۆ بەشداریی ئەو قوتابییانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دا، ڕێگەیان پێ بدرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ کوردستان بۆ ماوەی 15 ڕۆژ.
پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بەهۆى نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ بەشداریی ئەو قوتابییانەى لە دەرەوەى وڵات دەخوێنن، لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، بڕیارێکی دەرکرد.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دا، بە ڕێگەپێدان بە قوتابییانی دەرەوەی وڵات بۆ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 15 ڕۆژ لە ڕێکەوتی 1 تاوەکوو 15ـی تشرینی دووەم، ئەو ماوەیەشیان بە ماوەی مانەوە بۆ هەژمار دەکرێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە دەچێت، لە کۆی 46 ملیۆن دانیشتوو نزیکەی 30 ملیۆن عێراقی مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها نزیکەی حەوت ملیۆن کەسیش بەهۆی نەبوونی کارتی دەنگدانەوە ناتوانن بەشداری بکەن.
