عەبدولڕەحمان سدیق: پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی ڕەهەندی ئایینی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەروونی هەیە

عەبدولڕەحمان سدیق، راوێژكاری ژینگەیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
عەبدولڕەحمان سدیق، راوێژكاری ژینگەیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

عەبدولڕەحمان سدیق، راوێژكاری ژینگەیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24ـی رایگەیاند: پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، ڕەهەندی ئایینی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و  دەروونی هەیە، چونكە خێر و چاكە تێدایە، ڕەخساندنی هەلیكارە و بەهێزكردنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە و لە ڕووی دەروونیش، ئارامی بە دەروون دەبەخشێت.  

عەبدولڕەحمان سدیق دەڵێت: هەر کەسێک کە درەختێک دەچێنێت، ئەم درەختە بەردارە، هەر کەسێک لەو بەرهەمە دەخوات، هەر زیندەوەرێک لێی دەخوات، هەر ئاژەڵێک لێی دەخوات، هەر باڵندەیەک لێی دەخوات، تاکوو ڕۆژی دوایی هەر بە چاکە بۆی دەنووسرێت.

دەشڵێت: هەر لە خاوەن بیرۆکەکە تاکوو دەگاتە دوایین کەس کە لەم پرۆژەیەدا کار دەکات، لە چاکەدان و چاکەیان بۆ دەنووسرێت، هەروەها پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی ڕەهەندی ژینگەیی هەیە، گوتی: زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی دەبێتە مایەی جێگیرکردنی خاک، دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی تۆز و خۆڵ، زیاد دەردانی ئۆکسجین و کەمکردنەوەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و گازە زیانبەخشەکانی دیکە.

گوتیشی: زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی ڕەهەندێکی ئابووریی هەیە کە بە چه‌ندان ملیۆن داری بەردار دەچێندرێت، بێگومان بازاڕ دەبووژێنێتەوە و هەلیکار دروست دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی هەیە، گوتی: ئەمە تەنیا پرۆژەیەکی سەوزایی نییە، بەڵکوو پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی چاک دەکات، چونکە جۆرێک لە سەیرانگای تێدایە، خەڵک دەچنە نێو ئەو سەوزاییە و یەکتر دەبینن، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات، سەرباری ئەوەش پرۆژەکە ڕەهەندێکی دەروونی هەیە و دەروون ئارام دەکاتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشتر ڕایگەیاندبوو، حەوت ملیۆن دار لە هەولێر دەچێنرێت، هەروەها پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر تەنیا پرۆژەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو شۆڕشێکی سەوزاییە کە سیمای پایتەخت بۆ هەمیشە دەگۆڕێت، پلانەکە ئەوەیە کە بە درێژایی 92 کیلۆمەتر و پانیی دوو کیلۆمەتر ئەنجام بدرێت.

بەپێی ئامارەکان، ئەم دارستانە دەستکردە کە ڕووبەرەکەی دەگاتە 184 کیلۆمەتری دووجا، ساڵانە توانای هەڵمژینی نزیکەی 210 هەزار تۆن گازی ژەهراویی دووانە ئۆکسیدی کاربۆنی دەبێت، ئەمە بەشە بینراو و بەرجەستەکەی پلانەکەیە کە تێیدا هەر هاووڵاتییەکی هەرێم دەبێتە خاوەنی دارێک.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، بە چاندنی یەکەم دار بەشداری کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد. 

سەرۆکی حکوومەت بە بەیتە شیعرێکی "مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی" دەستی بە گوتارەکەی کرد، پاشان ئاماژەی بە گرنگیی پڕۆسەی ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان کرد.

مەسرور بارزانی لە میانی گوتارەکەیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداریکردنی لەو "ڕۆژە گرنگ و مێژوویی"ـیه‌دا، کە وەک خۆی گوتی "بەڕاستی بۆ نەوەی داهاتوو زۆر گرنگە و بۆ ئێستای کوردستان و ئاوەدانی ئەمڕۆشی زۆر پێویستە."

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: "مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی دەفەرمووێت: 'گوڵ لەبەر باران شین دەبێت، نەک بە دەنگی هەور و برووسکە'، بۆیه‌ ئێمەش بە نەرمی و لەسەرخۆ بەردەوام دەبین لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment