داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی بە چالاکیی کردووەتەوە
 
                        هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پێنج تۆمەتباریان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە شانەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش"، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە ناوچەکانی دەورووبەری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر دەستگیرکرد.
سەرچاوەیەکی سەربازیی لە دێرەزۆر ڕایگەیاند: هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکیان لە گەڕەکەکانی سسماعە، هوێش، و فارس لە گڕانیج ئەنجامدا.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، لە گەڕەکی هوێش دوو داواکراو هەوڵی هەڵاتنیان دا، یەکێکیان بە فیشەک بریندار کرا و ئەوی تریش کوژرا، لەکاتێکدا 4 "داواکراو"یش لە گەڕەکەکانی دیکە دەستگیرکران.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانان دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنی ئەو چەکدارانەدا گرت. 
ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هێرشەکانی شانەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) زۆر بە خێرایی زیادبوون، بە شێوەیەک لەو مانگەدا ڕێکخراوەکە 16 هێرشی ئەنجامداوە، بەهۆی هێرشەکانیش هاووڵاتی سڤیل و سەرباز بوونەتە قوربانیی.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: ڕێکخراوی تیرۆریستی(داعش)، لە مانگی تشرینی یەکەمدا هێرشەکانی لەو ناوچانە چڕکردووەتەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"دان.
ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرای کردووە، هێرشەکانی داعش ئاماژەن بۆ بەردەوامی چالاکیی شانەکانی و توانای بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی و قۆستنەوەی بۆشایی ئەمنی.
ڕوانگەکە ئەوەشی خستەڕوو کە، شێوازەکانی هێرشەکان جۆراوجۆر بوون لە نێوان تەقینەوە و بۆسە و کردەوەی تیرۆرکردن، ئەمەش ڕوون دەکاتەوە کە ڕێکخراوەکە بە تەواوی تێکنەشکێنراوە، بەڵکو شوێنی خۆی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی وەک هێزێکی هەڕەشە لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە.
