ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخی کارەبا لە عێراق خراپتر دەبێت
 
                        دۆخی كارەبا لە شارەكانی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت و ھاووڵاتییان بێ ھیوان لە چاكبوونی و دەڵێن: دەیان ساڵە بەڵێنمان پێ دەدرێت و ھیچ ھەنگاوێكیش نانێن بۆ باشتركردنی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا.
بە پێچەوانەوە لە ھەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكی كۆتایی بە خراپی دۆخی كارەبا ھێناوە و ئێستا ھاووڵاتییان كارەبای 24كاتژمێرییان ھەیە و ڕزگاریان بووە لە ژاوە ژاوی موەلیدە و پیسبوونی ژینگە.
زیادبوونی بێکاری و بێئومێدبوون لە بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر، لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئەو ڕاستیەن کە دۆخی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بەم شێوەیە.
مورتەزا حەمید هاووڵاتییەکی زیقارە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 22 ساڵە ڕژێمی پێشوو نەماوە، وا پێ دەنێینە ساڵی 2026، بەڵام کەس نازانێت دۆخی کارەبا بەرەو کوێ دەڕوات، هەرچەندە حکوومەتی عێراق دەڵێت: هیوایەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، بەڵام پێموانییە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لە کەرتی کارەبا هەیەو لایەنەکان پارەی پێ پەیدا دەکەن، پێویستە چاودێریی ئەم دۆسیەیە بکرێت، بەپێچەوانەوە دۆخەکە تادێت خراپتر دەبێت.
لەزۆربەی پارێزگاکانی عێراق دوو کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی بەرانبەر چوار تا شەش کاتژمێر کارەبای موەلیدە هەیە، لە هەندێک شوێنیش زیاترە، موستەفا ئەلعوبەیدی چالاکوانێکی مەدەنییە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لەدوای ڕووخانی ڕژێمەوە، ملیاران دینار بۆ کارەبا خەرجکراوە، بەڵام ئێمە هیچمان نەدیت، خاوەن موەلیدەکان ئەمپێرێک کارەبا بە 10 هەزار دینار دەدەن، بەڵام حکوومەت ناتوانێت کارەبا بدات، هاوینی ڕابردوو کارەبامان دوو بە دوو بووە، هەندێکجار نیو کاتژمێر دەهات و دەبڕا، هەر جارە و بە پاساوێک کارەبا کەم دەکەن، ئێستا نزیکبووینەتەوە لە کۆتایی وەرزی هاوین، نە بەزستان هەیە و نە بە هاوین، باشە کەی بەتەمان کارەباچاک بکەن، لە زستان ناتوانین بۆیلەر و ئامێرەکانی دیکە کار پێبکەین.
عێراق، ئێستا 28,100 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، لە کاتێکدا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پێویستی بە55,000 مێگاواتە، بۆیە موەلیدەکان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوە دادەنرێت کەژینگەی عێراق بکەوێتە سەر هێڵی مەترسییەوە. بە پێچەوانەی عێراق، لە هەولێر موەلیدەکان کە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە دادەنرێن لە هەرێمی کوردستان، بە پڕۆژەی ڕووناکی چارەسەر کران، ئەو پڕۆژەیە هۆکاربووە کەتاوەکو ئێستا سەدان موەلیدە بکوژێندرێێنەوە و بەپێی بڕیاری حکوومەت تاوەکو کۆتای یساڵی 2026 زیاتر لە 7000 موەلیدە دەکوژێندرێنەوە.
بەهۆی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی، ژینگەی هەولێر بە ڕێژەیەکی بەرچاو پاکبووەتەوە، بەمەش هاووڵاتیان ئێستا لە کەشێکی تەندروستتردا ژیان دەکەن.
هاووڵاتییەکی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،کاتێک کە موەلیدەی گەڕەک پێدەکرا، دووکەڵێکی زۆری دەردەدا کە بەڕاستی زۆر بێزاری دەکردین، ئەمە جگە لە بۆنەکەشی، بەڵام ئێستا لەو کێشەیە بە تەواوەتی ڕزگارمان بووە، ئەو کارەی کە حکوومەت بۆ کارەبا و ئاو کردوویەتی، قەت نەکراوە، ئێمە ساڵانێکە چاوەڕوانی چارەسەربوونی ئەم کێشانە بووین.
هاووڵاتییەکی دیکەی هەولێریش گوتی: ئێستا ژینگە خاوێن بووەتەوە لە دووکەڵی موەلیدەکان، کارەبای 24 کاتژمێری کارێکی زۆر پیرۆز بوو.
بەگوێرەی دواین ئاماری پرۆژەی ڕووناکی تا ئێستا زیاتر لە 3200 موەلیدەی گازوایل لەگەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە کوردستانێکی پاکتر و تەندروستترە بەبێ ژاوەژاوی موەلیدە و پیسکردنی ژینگە.
