ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا: خۆمان ڕادەست ناکەین

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان ستایشی هەڵوێستی، سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دەکات؛ هاوکات داواش دەکات حکوومەت پاڵپشتی زیاتری سەربازی بۆ سوپا دابین بکات بۆ ئەوەی بەرەنگاری سوپای ئیسرائیل ببێتەوە.

نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، ئەمڕۆ هەینی 31ـی تشرینی یەکەمی 2022، لە گوتاری هەینیدا، ڕایگەیاند، هەڵوێستی جۆزێف عۆن سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ وەڵامدانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کاتی هاتنەناوەوەیان بۆ ناو خاکی لوبنان نیشتمانی و بەرپرسانەبوو.

ئاماژەی بەوە کردووە، حکوومەتی لوبنان بەرپرسیارە لە پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی، هەروەها مافی خۆیەتی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان دەربکات، دەشڵێت: دەبێت وڵاتەکەمان ئازاد بکەین، دووبارە بنیاتنانەوەی خێزان و کۆمەڵگاکەمان لە پێشینەی کارەکانمانەوە بێت، کاتێک ئەمە ڕوویدا ئەو کاتە دەرگاکانی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکانمان ئاسان دەکرێنەوە.

هەروەها نەعیم باسی لە هەڵوێستەکانی ئەمەریکا کرد و گوتی: کاتێک ئیسرائیل هاتە ناو خاکی وڵاتەکەمان، خەڵکی مەدەنی لوبنانی کوشت، وڵاتەکەمانی سووتاند، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و کارگەکانی ڕووخاند،تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا سەردانی لوبنانی کرد، بە ڕاشکاوی پێی ڕاگەیاندین کێشە و گرفتەکان بە شێوەیەکی فراوان زیاد دەکەن، بۆیە ئەمەریکا نێوەندگیرێکی باش نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا سەرقافڵەی شەڕانگێز و دوژمنکارییە.

لە درێژەی گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد، ئەمەریکا هیچ شتێکی بۆ لوبنان نەکردووە، لە لێدوانەکانیاندا هەمیشە پاڵپشتی ئیسرائیلیان کردووە و ئیدانەی لوبنان دەکەن.

قسەکانی نەعیم قاسم ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە دوای ئەوە دێت، دوێنێ پێنجشەممە، جۆزێف عۆن، ڕایگەیاندبوو، بەگوێرەی ڕاپۆرتی فەرماندەی گشتیی سوپا، ئیسرائیل چەندین پێشێلکاری و هێرشی بۆ سەر خاکی لوبنان کردووە، بە تایبەت دوایین هێرشی کردە سەر شارۆچکەی بلەیدە و بە هۆییەوە کارمەندێکی شارەوانی کوژرا.

سەرۆکی لوبنان ئاماژەی بەوەش دابوو، ئەم کردەوەیەی ئیسرائیل لەو زنجیرە پێشێلکاری و هێرشانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە ماوەی ساڵێکی ڕێککەوتنی نێوانیاندا ئەنجامی داون، و ئەمەش تەنیا شەڕانگێزی ئیسرائیل بەرانبەر بە لوبنان نیشان دەدات.

جۆزێف عۆن باسی لەوەش کردبوو، کوشتنی کارمەندەکەی شارەوانی لە لایەن ئیسرائیلەوە، کاردانەوەی جەماوەری و تووڕەیی هاووڵاتییانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment