لە عێراق گەندەڵییەکی گەورە لە وەزارەتی پەروەردە ئاشکرا بوو

گەندەڵی گەورە لە گرێبەستێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاشکرا بووە بەجۆرێک تەنیا لە کڕینی مۆز بۆ قوتابخانەکان 10 ملیار دینار دیارنەماوە، هەروەها لە کڕینی دەبەی ئاوی پلاستیکیش بۆ فەرمانگەکان دوو ملیار دیناری دیکە دیارنەماوە.

54 ملیار دینار، پارەی بەفیڕۆچووی یەکێک لە گرێبەستەکانی وەزارەتی پەروەردەیە، ئەوەی سەیرە، ئەو پارەیە بۆ خواردن تەرخانکراوە، بەڵام قوتابخانەکان هیچ شتێکی وەهایان تێدانییە. ئەمیر مەعمووری ئەندام پەرلەمانی عێراق ژمارەی سەیر و باوەڕپێنەکراو بۆ کوردستان24 باس دەکات.

ئەمیر مەعمووری، ئەندام پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم گرێبەستە بەهاکەی 54 ملیار دینار بووە، بەڵام توشی شۆک بووین کاتێک پێداچوونەوەمان بە گرێبەستەکەدا کرد، بۆ نموونە نزیکەی 10 ملیار دینار لەم گرێبەستەی وەزارەتی پەروەردە بۆ کڕینی ئاو تەرخانکراوە، بەڵام نرخی ئەو بڕە لە ئاو لە بازاڕدا هەشت ملیارە. نمونەیەکی دیکە مۆزە 14 ملیار و 900 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، واتە هەر کیلۆیەک بە سێ هەزار و 500 دینار کڕیویانە، تەنها لە مۆزدا 10 ملیار دینار خوارەوە.

هەر لەم بابەتەدا دوورنەکەوینەوە، دۆخی قوتابخانەکانیش لەوپەڕی خراپیدایە، قوتابی لێی بێزارە بەهۆی خراپی کوالێتییەکەیانەوە، کەسوکاری قوتابیان باسی کێشەی جۆراو و جۆر لە کەرتی پەروەردە دەکەن.

هاووڵاتییەک دەڵێت: لە مەدینە سەدری بەغدا زۆربوونی ڕێژەی دانیشتووان هەیە، قوتابخانەکانمان سێ دەوامییە. ئەمە تەنیا لای ئێمە نییە، بەڵکو لە پارێزگاکانی دیکەی جگە لە بەغداش سێ دەوامی دیاردەیەکی بەربڵاوە، کاریگەری لەسەر قوتابی دروست کردووە، ئەو ملیاران دۆلارەی بۆ پەروەردە خەرجکرا بۆ کوێ چوو؟

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: من دایکم  و دوو منداڵم هەیە، ناتوانم منداڵەکانم بخەمە بەر خوێندنی حکوومی بەهۆی خراپی کوالێتی قوتابخانەکان، پۆلەکان گونجاو نین تەنانەت ژینگەکەش گونجاو نییە، چاودێری حکوومەتی لەسەر نییە، هەربۆیە کەسانی دەستڕۆشتو و تەنانەت مامناوەندیش منداڵ دەنێرنە قوتابخانەی ئەهلی.

گەل بەردەوام داوادەکات وەزارەتی پەروەردە دووربخرێتەوە لە پشكپشکێنەی حزبی، ئەوەش لەرێگەی دروستکردنی لیژنەیەکی حکوومی پسپۆڕ، بەڵام دەنگی گەل ناگاتە گوێی بەرپرسان، سیاسی و حوکمڕانەکان گوێ بۆ گەل ناگرن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment