واشنتن پۆست: ئەمەریکا هێزێکی سەربازیی گەورە لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا کۆدەکاتەوە
ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیی سەربازیی خۆی لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، و پێشبینی دەکرێت ژمارەی سەربازەکانی لە ناوچەکەدا بگاتە 16 هەزار سەرباز.
بەگویرەی ڕۆژنامەکە، هێزە ئەمەریکییەکە لە چەندان یەکەی جیاواز پێکدێت:
هەشت کەشتیی جەنگی، ژێردەریایی ئەتۆمی و کەشتییەکی تایبەت.
گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی (USS Gerald R. Ford) لەگەڵ پێنج کەشتیی یاوەر، کە لە ئەوروپاوە بەڕێکەوتوون و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگەنە ناوچەکە.
فڕۆکەی بۆمب هەڵگری ستراتیژیی (B-52) و فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی (F-35) لە بنکە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە لە کاریبی.
بە کۆکردنەوەی ستافی هەموو ئەم یەکانە، کە تەنها ستافی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە بە چوار هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، کۆی ژمارەی سەربازان دەتوانێت بگاتە 16هەزار کەس.
"واشنتن پۆست" جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کۆکردنەوە سەربازییە بەرفراوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ خۆی بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچەکەدا ئامادە دەکات. ئەمەش گرژییەکانی نێوان واشنتن و کاراکاس توندتر دەکات و ئەگەری دەستپێکردنی "یەکەم هێرشی" ئەمەریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا زیاد دەکات.
بەگوێرەی "نیویۆرک تایمز"، سەرۆک ترەمپ فەرمانی بە ئیدارەکەی کردووە هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ڤەنزوێلا ڕابگرێت. هەروەها دەسەڵاتی داوە بە دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA) بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نهێنی لەنێو خاکی ڤەنزوێلادا.
پێشتریش هێزی دەریایی ئەمەریکا نزیکەی 10هەزار سەرباز و چەندان کەشتیی جەنگیی ڕەوانەی کاریبی کردبوو و چەندان بەلەمی خێرایان لەناوبردبوو کە گوایە قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکانیان هەڵگرتبوو.
سەرەڕای هەموو ئەم جووڵە و ئامادەکارییانە، دۆناڵد ترەمپ لە 31ـی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاندبوو، بیری لە دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر خاکی ڤەنزوێلا نەکردۆتەوە.
