خەریکە گرەوکردن تۆپی پێی تورکیا لەناو دەبات؛ فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا چ بڕیارێکی داوە؟
نەک هەر ناوبژیوانان؛ بەڵکو یاریزانەکانیش بە گرەوکردن تۆمەتبارن
ئەو بۆمبە گەورەی هەفتەی رابردوو لە تۆپی پێی تورکیا تەقییەوە، هێشتا کاردانەوەکانی بەردەوامن، جگە لە ناوبژیوانان ئەمجارەیان دەرکەوتووە یاریزانانیش گرەویان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا لەسەر هەوڵەکانی بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو بۆمبەی هەرای گەورەی ناوەتەوە بەردەوامە، بڕیاریداوە 149 ناوبژیوان و یاریدەدەری ناوبژیوان سڕ بکات و لێکۆلینەوەش لەگەڵ زیاتر لە سێ هەزار و 700 یاریزان بکات.
هاجیوسمان ئۆغلۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی تێوەگڵانیان لە گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان، 149 ناوبژیوان و یاریدەدەری ناوبژیوانیان بە 8 تاوەکو 12 مانگ سزادا و سڕیان کردوون، لێکۆڵینەوەش لەگەڵ 3.700 یاریزان دەکەن کە بەوە تۆمەتبارن ئەوانیش گرەویان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە.
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەڵێت :'لەلامان سەیرە زۆربەی ناوبژیوانەکان لە گرەوکردنیان لەسەر ئەنجامی یارییەکان شکستیان هێناوە و براوە نەبوون، پارەی زۆریان دەست نەکەوتووە، لەوە تێناگەین بۆچی سەرپێچییان کردووە و گرەویان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە،
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا رایگەیاندبوو لەکۆی 571 ناوبژیوان و یاریدەدەری ناوبژیوان بۆیاند ەرکەوتووە 371 ناوبژیوان گرەویان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە و ئیبراهیم حاجی عوسمان ئۆغلۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا رایگەیاندبوو، زیاتر لە 10 ناوبژیوانیان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو نزیکەی 10 هەزار جار گرەوی لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە و ناوبژیوانێکیش هەبووە لەو ماوەیە زیاتر لە 18 هەزار جار گرەوی لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە.
