ڕۆژانە مشک لەنێو ژووری نەخۆشخانەکانی عێراق تەڕاتێن دەکەن
نەخۆشخانەی نانەکەلی، کە تایبەتە بەچارەسەری توشبووانی شێرپەنجە لە هەولێر بۆ چارەسەرێکی تایبەت داوای 100 دەرزی لە عێراق دەکەن، بەڵام ئەوان 50 دەرزی دەنێرن، ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی، نزیکەی لە 40%ـی تووشبووانی شێرپەنجە کە لە نەخۆشخانەکەیان چارەسەر وەردەگرن خەڵکی پارێزگاکانی عێراقن.
لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدا، مشکێک چووەتە نێو ژووری نەخۆشەکان و بە ئارەزووی خۆی هاتوچۆ دەکات، کەمیی نەخۆشخانە و نەبوونی دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانە حکوومییەکان دەردی نەخۆشەکان گەورەتر دەکات، بەشێکی زۆر لە نەخۆشخانەکانی عێراق تەمەنیان زیاتر لە 60 ساڵە و ئامێر و کەرەستەی پێشکەوتووی تێدا نییە، ئەمە لە کاتێکدایە لە بودجەی سێ ساڵەی ئەو وڵاتەدا 10 ترلیۆن و حەوت ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخان کرا، کە دەکاتە لە 5% کۆی گشتی بودجەکە، بەڵام پێداویستی هاووڵاتیانی پرنەکردووەتەوە.
محەممەد، منداڵەکەی تووشی نەخۆشیەکی درێژخایەن بووە لە بۆڕی هەناسەدانیدا، چارەسەریشی لە نەخۆشخانە حکوومییەکانی عێراق دەستناکەوێت، بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکەی دەبێ بچێتە دەرەوەی وڵات.
محەممەد خەلەف، هاووڵاتی بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، "نەخۆشەکانمان ناتوانن چاوەرێبکەن، چونکە ئەو نەخۆشانە ڕۆژێکیان وەکو ساڵێک وایە و چەندین کەسی نەخۆش بەم نەخۆشیە گیانیان لەدەستداوە، ئێستا ژنێک لەنەخۆشخانە بوو کورێکی پیش هەفتەیەک مردووە و مندالێکی دیکەشی لەمترسیدایە."
ئەشواق تالیب، هاووڵاتی گوتی:" ڕۆشتم پشکنین لەو نەخۆشخانە حکوومیە بکەم، داوای 60 هەزار دیناریان لێکردم، بەڵام من ناتوانم 40 هەزار تەنانەت 25 هەزاریش بدەم، بۆیە گەڕامەوە و هیچم نەکرد، یان دەڵێم پشکنینی شەکرەی سێ مانگیم بۆ بکەن دەڵێن، دەبێت 10 هەزار بدەی لەدەرەوەش بە 15 هەزار دینارە."
لەگەڵ نەبوونی چارەسەریی پێویست و دابین نەکردنی بۆ نەخۆشەکان، هۆکارەکانی زیادبوونی نەخۆشیش لە عێراق زیادی کردووە، بۆرییەکی ئاوەرۆ و پاشماوەی پزیشکی حەوت نەخۆشخانەی کۆمەڵگەی پزیشکی بەغدایە دەرژێتە نێو ڕووباری دیجلە، کە لە هەمان کاتدا یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی خواردنەوە و ئاودێرییە.
سەرەڕای گوشارە داراییەکانی حکوومەتی عێڕاق لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵام حکوومەتی کوردستان خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بۆ هاووڵاتیانی دابیندەکات، تەنانەت هاووڵاتیانی پارێزگاکانی خوار و ناوەڕاستی عێڕاقیش بۆچارەسەر ڕوو لە نەخۆشخانەکانی کوردستان دەکەن، بەرپرسانی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەڵێن، نزیکەی لە 40%ـی ئەو کەسانەی لەنەخۆشخانەکە چارەسەر وەردەگرن لە پارێزگاکانی عێڕاقەوە دێن.
لە کاتێکدا کە حکوومەتی عێراق لە پێدانی دەرمانی شێرپەنجە، هەرێمی کوردستان پشتگوێ دەخات، بەشێکی سەردانیکارانی نەخۆشخانەکانی کوردستان نەخۆشەکانی شارەکانی ناوەڕاست وباشووری عێراقن.
هاروونی تەمەن 15 ساڵان تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە، 21 ڕۆژ جارێک باوکی لە پارێزگای سەڵاحەددینەوە دەیهێنێتە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، چونکە لە شاری خۆیان چارەسەریی پێویستی دەستناکەوێت.
یاسر محەممەد، باوکی نەخۆش دەڵێت: "لە پارێزگای سەڵاحەددین نەخۆشخانەی شێرپەنجە نییە، بۆیە هاتین بۆ هەولێر بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی، ئەوان ئێمەیان وەگرتووە و چارەسەر بۆ هاڕوون دەکەن و سوودمان بینیووە، دکتۆرەکان زۆر بەڕێزن، خزمەتگوزاریی زۆر باشە، هەموو 21 ڕۆژ جارێک بە پڕۆتۆکۆڵی دەرمان وەردەگرین."
تەنیا لە نەخۆشخانەی ڕزگاری ساڵانە 13 هەزار نەشتەرگەریی ئەنجامدەدرێت و دەیان جۆر پشکنین وچارەسەر پێشکەش بە هەزاران نەخۆشی سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت، بەو دەرمانانەی لێرە دەست نەخۆشەکان دەکەون، ئەنجامی چارەسەری لە 20% بۆ 80% تۆمارکراون.
