سوپای عێراق دوو جووتیاری کوردی دەستگیر کرد

وێنە: ئەرشیف
وێنە: ئەرشیف

دوێنێ هەینی، 31ـی تشرینی یەکەم 2025، دوو جووتیاری کورد بە ناوەکانی سەمەد کەریم و نەشئەت ڕەحمان، لەکاتی کێڵانی زەوییەکانیان لە گوندی شەناغە لەلایەن هێزێکی سوپای عێراقەوە دەستگیر کران و ڕادەستی بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان کران. 

جووتیارێکی گوندەکە، سەبارەت بەو ڕووداوە بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەو هێزەی سوپای عێراق، جگە لەوەی دوو جوتیارەکەی دەستگیر کرد، دەستیشی بەسەر تراکتۆرەکانیاندا گرت."

جووتیارەکە، هەروا گوتی: پاش هەوڵی بەرپرسانی پارتی لە سنوورەکە، دوو جوتیارەکە بە کەفالەت ئازادکران بەڵام هێشتا تراکتۆرەکانیان نەدراونەتەوە.

لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەری 2017 و کشانەوەی پێشمەرگە لەسنووری کەرکووک، جووتیارانی کورد بەردەوام لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕووبەڕووی گرتن و سووکایەتی دەبنەوە. عەرەبە هاوردەکانیش هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانیان دەدەن، ئەمە لە کاتێکدایە پەرلەمانی عێراق یاساکانی سەردەمی بەعسی تایبەت بە زەوی و زار هەڵوەشاندووەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment