ڕوانگەی عێراقی سەوز: عێراق پێویستی بە سێ مانگ باران هەیە
ڕوانگەی سەوزی عێراق ڕایگەیاند، عێراق پێویستی بە زیاتر لە سێ مانگ باران هەیە بۆ ئەوەی ئاستیی ئاوی ڕووبار و بەنداوەکان بەرز بێتەوە.
شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕوانگەی سەوزی عێراق لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، عێراق پێویستی بە زیاتر لە سێ مانگ بارانی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئاستیی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بەرزبێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، خەریکە بەنداوەکانیش بەتاڵ دەبن و ئاویان تێدا نامینێت.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەدا هاتووە، حکوومەتی عێراق بەتەواوی پرسی ئاوی لە بەرامبەر پرسە سیاسی و ئابوورییەکان و ململانێکان لەبیرکردووە، ئەمەش وایکردووە کە پرسی وشکەساڵی تەنیا کاریگەریی لەسەر پارێزگاکانی باشوور نییە، بەڵکو کاریگەرییەکەی درێژبووەتەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری بەغدا و شوێنەکانی دیکە.
ڕوانگەی عێراقی سەوز، ئاماژەی بەوەشکردووە، پرسی ئاو بە خراپترین قۆناغدا تێدەپەڕێت، بەو پێیەی عێراق ڕووبەڕووی توندترین قەیران لە ماوەی 90 ساڵی ڕابردوودا بووەتەوە، کە بە گوتەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، ڕەنگە یەدەگی ئاو لە چەند مانگی داهاتوودا بۆ کەمتر لە 4% کەمبێتەوە، ئەگەر باران لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دوابکەوێت.
ڕوانگەکە دووپاتیشی کردەوە، ڕەنگە باران پرسی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و پۆند و بەنداوەکان چارەسەر نەکات، چونکە عێراق پێویستی بەبڕی باران هەیە بۆ ماوەی سێ مانگ، تاوەکوو بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکاری بهێنێت.
ڕوانگەی عێراقی سەوز هۆشداری داوە، عێراق بۆ جاری دووەم لەلایەن تورکیاوە فریو دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەزامەندی دەربڕیووە لەسەر بەردانەوەی بڕی یەک ملیار مەتر سێجا ئاو بۆ ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، ئایا دەکرێت بڕێکی وا زۆر بەبێ بەرامبەر بۆ عێراق بەربدرێتەوە؟، ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا دەیەوێت فشاری زیاتر بخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سازشی زیاتر لە بواری سیاسی و ئەمنی و ئابووری بکات.
