فارس حاجی حوسێن: باران بارین دواکەوتووە

سەرۆکی ڕێکخراوی جووتیارانی سەردەم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بارانی بارین دواکەوتووە، ئەگەر تاوەکوو 25 ڕۆژی دیکە بارین نەبارێت، ئومێدی پەڵەدان زۆر کەم دەبێتەوە.

شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، فارس حاجی حوسێن، سەرۆکی ڕێکخراوی جووتیارانی سەردەم بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دەبووا 10 ڕۆژ بەر لە ئێستا باران بارین دەستی پێکردبا بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەرهەمی گەنم پەڵەی دابووایە، بەڵام ئەگەر تاوەکوو 20 بۆ 25 ڕۆژی دیکە باران نەبارێت، ئومێدی پەڵەدان زۆر کەم دەبێتەوە و جووتیاران بێ بەرهەم دەبن.

سەرۆکی ڕێکخراوی جووتیارانی سەردەم ئاماژەی بەوەشکرد، پار جووتیاران تەواو بێ ئومێدبوون لە بەرهەمەکانیان، چونکە لە بێ بارانیدا بەرهەمەکانیان وەکو پێویست نەبوون.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی  کەش و هەوا، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو مسۆگەرکردنی  ئاسایشی ئاو، دەیان  بەنداو و پۆند و پرۆژەی ئاوو ئاوەڕۆ دروست کراون. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا ئەو پۆندانەی بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ئاوی ژێر زەوی دروست کردووە ژمارەیان 23 پۆندە، هەروەها 58 پۆندیش لە جێبەجێکردندان.

بەنداوەکان

9 بەنداو بە گوژمەی 265.7 ملیار دینار دروستکراون و هەموویان توانای گلدانەوەی 252.8 ملیۆن مەترسێجا ئاویان هەیە. 

وردەکاری:

•           دوین: 88 ملیار دینار، 100 ملیۆن مەترسێجا ئاو

•           گۆمەسپان: 95 ملیار دینار، 97 ملیۆن مەترسێجا ئاو

•           دێوانە: 26.6 ملیار دینار، 21 ملیۆن مەترسێجا ئاو

•           بەستۆڕە: 23 ملیار دینار، 20 ملیۆن مەترسێجا ئاو

•           خنس: 9.6 ملیار دینار، 7 ملیۆن مەترسێجا ئاو

•           ئاقوبان: 8.1 ملیار دینار، 2.6 ملیۆن مەترسێجا ئاو

•           توڕەجار: 5.8 ملیار دینار، 2 ملیۆن مەترسێجا ئاو

•           شەوگێڕ: 5.6 ملیار دینار، 2 ملیۆن مەترسێجا ئاو

•           چەمرگە: 4.4 ملیار دینار،1.2 ملیۆن مەترسێجا ئاو

پۆندەکان

 ئاماری پۆندەکان پێش کابینەی نۆیەم97  پۆندبووە. هەروەها پۆندە دروستکراوەکانیش لە کابینەی نۆیەم 23 پۆندە و ئەو پۆندانەشی لە جێبەجێکردندان 58 پۆندن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment