کونسوڵی میسر: هەر دوو گەلی کورد و میسر دۆستی یەکترن
مۆزەخانەی گەورەی میسر کرایەوە کە دەیان هەزار پارچەی شوێنەواری لە خۆ دەگرێت و لەو بارەوە کونسوڵی گشتیی میسر لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خەڵکی کوردستان کولتووری میسریان خۆش دەوێت و گرنگی پێ دەدەن، دەشڵێت: میسریش هەرێمی کوردستانی خۆش دەوێت.
مۆزەخانەی گەورەی میسری بە بەهای یەک ملیار دۆلار کرایەوە و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە گۆڕەپانی مۆزەخانەکەدا، گوتی: ئەمڕۆ، شەممە 1ی تشرینی دووەمی 2025، پێکەوە ئاهەنگی کردنەوەی مۆزەخانەی گەورەی میسری لە قاهیرە دەگێڕین و لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئێستا و داهاتوودا دەنووسینەوە.
ئاماژە بەوەش دا، ئەمە بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر لێهاتووی مرۆڤی میسری، کە هەڕەمەکانییان دروست کردووە و لەسەر دیوارەکان چیرۆکی نەمرییان نەخشاندووە.
سەبارەت بە کرانەوەی مۆزەخانەی مەزنی میسر مەحموود فارووق، کونسوڵی گشتیی میسر لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، تەنانەت لە مۆزەخانەی لۆڤەریش گەورەترە، چەندین پارچە شوێنەواری لێیە و بێ وێنەیە، هەموو شوێنەوارەکان میسرین زۆرینەیان لە کۆگاکان بوون و لەلایەن تیمەکانی دۆزینەوەی شوێنەوارەکان دۆزراونەتەوە، لە مۆزەخانەکە دانراون.
گوتیشی: خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر مرۆڤدۆستن و وڵاتی میسریان خۆش دەوێت، میسریش هەمان هەستی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە.
قاهیرە هیوایەکی زۆری بە مۆزەخانەکە هەیە و بە بەشێکی سەرەکیی پلانەکانی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری دادەنرێت و بۆ ئابوورییەکەی زۆر گرنگە، هاوکات ئەم مۆزەخانەیە دەیان هەزار پارچە شوێنەواری لە خۆ دەگرێت کە مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە شەش هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
