دڵشاد شەهاب: هەولێر نموونەیەکی جوان و سەرکەوتووی حوکمڕانیی پارتییە

دڵشاد شەهاب، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
دڵشاد شەهاب، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەندامێکی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، جەختی لەوە کردەوە، پارتی بە پێوەری مەزهەب مامەڵە ناکات و ئامانجی حزبەکە پرسە گرنگەکانە، هەروەها پارتی حزبی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانە، لایەنەکان ڕێککەوتنی لەگەڵدا دەکەن. گوتیشی: هیچ کاتێک پارتی تواناکانی خۆی بۆ تاکڕەویی بەکار نەهێناوە.

شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، دڵشاد شەهاب، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی بەشداری لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: پێش ئەوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێبکات، فەرمانی سەرۆک بارزانی بۆ ئێمە ئەوە بوو، هەڵمەتێکی ئارام بەڕێوە ببەین و هاووڵاتییان بێزار نەکەین.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، تیگەیشتنی کۆمەڵەگەی کوردی بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، زۆر پێشکەوتوو بوو، "ئێستا سەردەمەکە گۆڕاوە و شەڕەپەڕۆ نەماوە".

لە بارەی هەولێرەوە، دڵشاد شەهاب گوتی: شارەکە گۆڕەپانێكی گەورەی ململانێیە و هی هەمووانە، بەڵام پشتیوانیی گەورەی خەڵكی هەولێر بۆ پارتییە، لە دوایین هەڵبژاردنیش ئەوە سەلمێنرا زۆرینەی دەنگەكانی شارەکە بۆ پارتی بوون.

دەشڵێت: ئێستا پارتی كەشێكی ئارام و ئازادی بۆ هەمووان ڕەخساندووە، پایتەخت بووەتە ناوەندێكی سیاسی، ئابووری و دیموكراسی، ڕوونیش بووەتەوە حوكمڕانی لەدەست كێدا بێت ئەمینە، هەولێر دۆخە سەختەكانی تێپەڕاندووە و پێشكەوتووە، ئەمجارەش چاوەڕاونیمان لە خەڵكی شارەکە هەیە.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، هەر لە بارەی هەولێرەوە ئاماژەی بەوە کرد، شارەکە نموونەیەکی جوان و سەرکەوتووانەی حوکمڕانیی پارتییە، هەروەها لە هەر شوێنێک پارتی باڵادەست بێت ئەو شوێنە ئارام دەبێت، حزبەکە حەز بە ئاڵۆزی و کەشی نائارام ناکات.

جەختی لەوەش کردەوە، پارتی هیچ جیاوازییەک لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا ناکات، هەموو پارێزگاکان بۆ پارتی گرنگن و حزبەکە خاوەنی ئەزموونێکی گەورەی حوکمڕانییە.

دڵشاد شەهاب زیاتر گوتی: پارتی بە پێوەری مەزهەب مامەڵە ناکات و ئامانجی حزبەکە پرسە گرنگەکانە، هەروەها پارتی حزبی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانە، لایەنەکان ڕێککەوتنی لەگەڵدا دەکەن.

هەر پەیوەست بە ئامانج و پەیامی پارتی، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی حزبەکە، ڕوونی کردەوە، پێشمەرجی پارتی جێبەجێکردنی دەستوورە و هەروەها حزبەکە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستانە، هیچ کاتێک پارتی تواناکانی خۆی بۆ تاکڕەویی بەکار نەهێناوە.

سەبارەت بە یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا، دڵشاد شەهاب، دەڵێت: پارتی زۆر قوربانی داوە لە پێناو ئەو یەکڕیزییە، هەروەها ئەم جارەش ئەو یەکڕیزییە لە بەغدا کاتێک بە دەست دێت، کە پارتی دووبارە باڵادەست بێت.

 
 

 

Fly Erbil Advertisment