لە ئێران بازرگانیی گۆڕ گەرم بووە
گۆڕفرۆشیی لە قەرز و قیستەوە تا داگیرکردنی گۆڕستانی گوندەکان
لە ئێران، نەک تەنیا نرخی خۆراک و پێداویستی ڕۆژانە، بەڵکوو نرخی گۆڕیش بە شێوەیەکی بەرچاو گران بووە، بە جۆرێک، لە گۆڕستانەکانی مەشهەد، وەک بەهەشتی ئیمام ڕەزا و بەهەشتی جەوادولئەئیمەمە، نرخی گۆڕێک گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیار تومەن، بەرانبەر بە نزیکەی 16 هەزار دۆلاری ئەمەریکی.
یەکشەممە، 2ـی تشرینی دووەم 2025، ڕۆژنامەی 'ئیتڵاعات' لە ڕاپۆرتێکدا دەربارەی گرانیی سەرسووڕهێنەری گۆڕ، لە گۆڕستانە ناودارەکانی ئێراندا نووسیویەتی "نرخی یەک گۆڕ، لە گۆڕستانی شارۆچکە و شارە دوورەدەستەکاندا لە هەشت ملیۆن تومەن تێپەڕ ناکات، بەڵام لە شارە پیرۆزەکان و نزیک گۆڕی ئیمام و ئیمازادەکاندا، نرخی گۆڕێک لە دوو ملیارد تومەن نزیک بووەتەوە."
شارنشینان، گۆڕستانی گوندەکانیان داگیر کردووە
فاتمە، ئافرەتێکی خەڵکی گوندێکی نزیک مەشهەد، کە ئێستا لە شاری مەشهەد نیشتەجێیە، دەڵێت: ماوەیەک لەمەوبەر کەسێکمان کۆچی دوایی کرد، کاتێک تەرمەکەیمان بردەوە گۆڕستانی گوندەکەمان، بینمان گۆڕستانەکەمان پڕ بووە لە گۆڕی کەسانی نەناسراو.
فاتمە، لە دەرێژەی قسەکانیدا گوتی: شارنشینان گۆڕستانی گوندەکانیان داگیر کردووە؛ چونکە لێرە گۆڕ بە خۆڕاییە و گوندەکەشمان نزیکە لە یەکێک لە گۆڕستانە ناودارەکانی مەشهەد؛ ئەو شارنشینانەی پارەیان نییە، دێن لێرە، مردووەکانیان دەنێژن. ئەوەتا ئێستە بۆ مردووەکانی خۆمان جێگەی گۆڕ نەماوەتەوە.
حەسەن، دانیشتووی گوندێکی نزیک بە گۆڕستانی بەهەشتی ڕەزوان، هاوڕای فاتمە، دەڵێت: گۆڕستانی گوندەکەمان بچووکە، بەم دواییانە کەسانی نەناسراو، شەوانە بە دزییەوە دێن و مردووەکانیان لێرە دەنێژن. هەرچەند دیواریشمان بە چواردەوری گۆڕستانەکەماندا دروست کردوە، بەڵام سوودی نییە. ئێستا دەبێ شەوانە ئێشک بگرین بۆ ئەوەی هەرچۆنێک بێت ڕێگە نەدەین خەڵکانی تر مردووەکانیان لە گۆڕستانەکەماندا بنێژن.
وەسییەتێکی ماڵوێرانکەر
ئەنیسە، بەم دواییانە داپیرەی کۆچی دوایی کردووە، دەڵێت: تێچووی کفن و ناشتنی داپیرەم گەیشتە دوو ملیار تومەن. لای بنەماڵەی ئێمە وا باوە کە دەبێت وەسییەتی مردووەکانمان هەرچۆنێک بووە، بەجێ بگەیەنین. وەسییەتی داپیرەشم تەنیا ئەوە بوو "لە حەرەمی ئیمام ڕەزا بمنێژن!"
ئەنیسە دەڵێت: ئەمە هیوای کەسانی بڕوادار و موردیدانی ئیمام ڕەزایە، بەڵام نرخی گۆڕەکانی حەرەم، یەکجار گرانن و بە قەرزیشی نادەن، ئێمە ناچار بۆ بەجێهێنانی وەسیەتی داپیرەم، هەرچیمان هەبوو فرۆشتمان.
مەنسوورە، کە بۆ سەردانی گۆڕی باوکی هاتووەتە گۆڕستانی خواجە ڕەبیع، دەڵێت: تێچووی کفن و ناشتنی باوکم گەیشتە نزیکەی یەک ملیار تومەن. باوکم وەسییەتی کردبوو، ئەگەر بۆمان گونجا، لە حەرەمی ئیمام ڕەزا بینێژن؛ هەرچی زێڕم هەبوو فرۆشتم، بەڵام نەمتوانی گۆڕێکی لە حەرەمدا بۆ بکڕم، ناچار لێرە ناشتمان.
مەنسوورە، گوتیشی: سەرباری وەسییەتەکەی باوکم، هیچ پێمخۆش نەبوو لە گۆڕستانی حەرەمی ئیمام ڕەزا بینێژین، چونکە ئێستە بووە بە چاولێکەری و خەڵک شانازی بە جێگەی گۆڕی کەسوکاریانەوە دەکەن!
گۆڕی قیستی و پێشفرۆشی
عیسازادە، بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕستانی 'بەهەشتی ڕەزا' لە مەشهەد، دەربارەی نرخی گۆڕ لەو شارەدا دەڵێت: نرخی گۆڕ لە گۆڕستانەکانی ژێر چاودێریی شارەوانی، هەموو ساڵێک لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوە دیاری دەکرێت و پێش دەستپێکی ساڵی نوێ، بە گۆڕستانەکان ڕادەگەیەنرێت.
عیسازادە، سەبارەت بە کڕینی گۆڕ بە قیست لە مەشهەد، دەڵێت: لە گۆڕستانی 'بەهەشتی جەوادولئەئیمە' هەلی کڕینی گۆڕ بە قیستیش هەیە. بەڵام دەبێت یەک لەسەر سێی نرخەکەی بە کاش بدرێت و باقییەکەی لە ماوەی دوو مانگدا بدرێتەوە. هەروەها پێشفرۆشی گۆڕمان هەیە کە نرخەکانیان کەمێک بەرزترە. کەسەکە دەتوانێت پێش مردنی گۆڕەکەی بکڕێت و ئیتر پێویست ناکات ئەو خەرجییە بخاتە ئەستۆی کەسوکارەکەی.
