ئەردۆغان ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی ئاشکرا دەکات
سەرۆککۆماری تورکیا ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی ئەرێنی و بەرهەمدار بووە و لەم ڕۆژانەدا ئەنجامەکانی دیار دەبن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە گوتارێکدا لە شاری ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بونیاتنەر و جێگەی ئومێد بووە. هەروەها گوتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامەکانی ئەم دیدارە دەبینرێن.
دەربارەی پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لەم قۆناغەدا هەنگاوی گرنگ نراون و بڕیارە (هاوپەیمانیی کۆمار) ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبهێنێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ جاری سێیەم پێشوازی لە شاندی "ئیمراڵی"ی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد.
کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تێیدا دوا پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.
شاندی دەم پارتی، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا کە "هەڵسەنگاندنی ورد"یان بۆ قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کردووە و بۆچوون و ڕاسپاردەکانی خۆیان خستووەتەڕوو. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، لەگەڵ ئەردۆغان گەیشتوونەتە "تێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگی" لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی پرۆسەکە "خێراتر و کاریگەرتر" بەڕێوەبچێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەنگاوێکی مێژووییدا، کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە خاکی تورکیا ڕاگەیاندووە. ئەم بڕیارە دوای کۆنگرەی 12ـەمی پەکەکە دێت کە تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری درا.
