عراقچی: یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانمان نەگواستووەتەوە
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکانی ئێران، ئێستاش لە ژێر خاک و پاشماوەی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆمبارانکراوەکانماندا ماونەتەوە و بۆ هیچ شوێنێکی تر نەگوازراونەتەوە.
یەکشەممە، 2ـی تشترینی دووەم 2025، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گفتوگۆیەکەدا لەگەڵ کەناڵی 'جەزیرە' گوتی: ئێمە، بۆ لابردنی نیگەرانییەکان دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکانمان، ئامادەی دانوستانین؛ بەڵام ئەمەریکا مەرجی قبووڵنەکراوی بۆ دانوستان داناوە.
عراقچی، گوتیشی: ئێمە دەربارەی بەرنامە مووشەکییەکانمان دانوستان ناکەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ناتوانین دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرین؛ ئەوەی بە جەنگ نەیانتوانی لە دەستمانی دەربهێنن، ناتوانن بە سیاسەت لێمانی بسەننەوە.
عراقچی، هەروا گوتی: هیچ ئارەزوویەکمان بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکادا نییە، بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی دانوستانی ناڕاستەوخۆوە ڕێکبکەوین.
وەزیری دەرەوەی ئێران، دەرباری ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکانی ئێران، گوتی: ئەو ماددانە ئێستاش لە ژێر خاک و پاشماوەی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆمبارانکراوەکانماندا ماونەتەوە و بۆ هیچ شوێنێک نەگوێزراونەتەوە.
