مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: پشتیوانیی وەرزشین لە هەر شوێنێک بێت
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی لە شەقڵاوە، گوتی: سڵاوی سەرۆک بارزانیتان لیبێت و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە خزمەتتان دام، داوا دەکەم هەموویان بە یەکەوە بەخیڕهاتنی گەرمی کاندیدەکانی پارتی بکەین.
دوای گوتارەکەی، لە لێدوانێکی تایبەتدا، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند: پشتیوانیی وەرزشین لە هەر شوێنێک بێت، هەموو ئەو یانانەی بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ یاری دەکەن و پێویستیان بە یارمەتی ههبێت، بە گوێرەی پێویستی یارمەتییان دەدەین.
مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24، ئایا یەک ملیۆن دەنگ دەهێنن، گوتی: هیوادارم زۆر لەوە زیاتریش بێنین و هەموو کوردستان دەنگ بە پارتی بدات.
هەروەها ئەمڕۆ دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا یانەی وەرزشیی نەورۆز گیرۆدەی دۆخێکی نالەبار بوو؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومـەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە بڕی 450 ملیۆن دینار بە یانەی نەورۆز دەبەخشێت.
ئەو هاوکاری و پشتگیرییەی سەرۆکی حکـوومەت، بۆ پشتیوانیی وەرزش و وەرزشوانانی هەرێمە تا بتوانن بە ئاستێکی بەرزەوە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن.
یانەی وەرزشیی نەورۆز، نوێنەری شاری سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و بارودۆخی خراپ بووەتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاست و چارەنووسی یانەکە داناوە.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی یانەی نەورۆز، قەیرانێکی دارایی قووڵ و درێژخایەنە. یانەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ نەیتوانیوە مووچەی یاریزانان و ستافی هونەری دابین بکات، کە لە هەندێک کاتدا گەیشتووەتە 50 ڕۆژ یان دوو مانگ.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەکە بەچاوی پڕ فرمێسکەوە داوای هاوکاری بکات، کە کاردانەوەی لێکەوتەوە و کەسایەتی سیاسی، هونەرمەند و بازرگانەکان هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتییان بۆ ڕاگەیاند.
