سبەی.. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوو سایدی حاجی ئۆمەران دەکاتەوە

سبەی دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دوو سایدی حاجی ئۆمەران دەکاتەوە.

ئەو پرسیارەی بووەتە ترێند لای هاووڵاتییانی کوردستان و دەپرسن، سبەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی چ پرۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی دەکاتەوە.

سبەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژەی دوو سایدی حاجی ئۆمەران دەکاتەوە کە بە گوژمەی 35 ملیار و 150 ملیۆن دینار لەسەر بوودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن کۆمپانیای نۆرس لایت جێبەجێ کراوە.

درێژی ڕێگەکە دوو کیلۆمەتر و نیوە و پانیی 25 مەترە، لەکاتێکدا ڕێگەی کۆنی حاجی ئۆمەران پانییەکەی تەنیا هەشت مەتر بوو کە ئاستەنگی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و جووڵەی بازرگانیی و گەشتیاریش دروستکردبوو.

پرۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران بە ستانداردی جیهانیی دروستکراوە کە پێکدێت لە ئاوەڕۆ و تۆڕی ئاوی خواردنەوە، تۆڕی کارەبا و ڕووناکی، خزمەتگوزاریی و پارکینگ و نیشانەکانی هاتوچۆ و قیرتاوکردن، لە پرۆژەکەدا گرنگیی دراوە بە چاندنی نەمام و زیاتر لە هەزار دار لە شۆستەکاندا چێندراون، 170 کورسی دوو نەفەری و 170 تەنەکەی خۆڵ داندراون، لەلای ڕاستی شەقامەکە 200 دیواری ڕاگر دروستکراون بۆ ڕێگریی لە داڕووخان.

لەلای چەپی شەقامەکەش 190 دیواری ڕاگر دروستکراوە بۆ پتەوکردنی ڕێگەکە، پرۆژەکە دەبێتە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوچەکە چونکە ناوچەکە دەروازەی هاتنە ناوەوەی کوردستانە لە ئێرانەوە، پرۆژەکە دەبێتە هۆی ئاسانکاریی لە هاتنی گەشتیاران و جموجۆڵی بازرگانیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران، سەرباری ئەوەی سیمایەکی جوان بە ناوچەکە دەبەخشێت.

کۆمپانیای نۆرس لایت بە گرەنتی 50 ساڵ پرۆژەکەی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment