درۆنە نەناسراوەکان نیگەرانییان لە بەلجیکا و ئەورووپا دروست کردووە

دیمەنێکی ئاسمانیی بنکەی سەربازیی کلەینە بریوغڵ لە بەلجیکا
دیمەنێکی ئاسمانیی بنکەی سەربازیی کلەینە بریوغڵ لە بەلجیکا

ماوەیەکە دیاردەی فڕینی درۆنی نەناسراو بەسەر چەند وڵاتێکی یەکێتیی ئەورووپادا زیادی کردووە، بە تایبەتی ژمارەیەک لەو درۆنانە، بە ئاسمانی بنکە سەربازییە ستراتیجییەکانی ئەورووپادا دەفڕن.

یەکشەممە، 2ـی تشرینی دووەم، تییۆ فرانکن، وەزیری بەرگریی بەلجیکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند "دیاردەی فڕینی درۆنی نەناسراو بە ئاسمانی وڵاتەکەماندا زیادی کردووە. شەوی ڕابردوو، سێ درۆنی نەناسراو بە سەر بنکەی سەربازیی (کلەینە بریوغڵ)دا بۆ ماوەیەک خولاونەتەوە."

فرانکن، گوتیشی: سەرەتا بە هێلیکۆپتەرێکمان بۆ شوێنکەوتنی درۆنەکان نارد، دواتر هەوڵدرا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە تێکدانی سیگناڵەکانیان بخرێنە خوارەوە، بەڵام درۆنەکان بە خێرایی ئاسمانی بەلجیکایان بەرەو هۆڵەندا بەجێ هێشت.

وەزیری بەرگریی بەلجیکا، هەروا گوتی: لە ڕاستیدا درۆنی زۆر هەن، هەندێک جار تەنیا بەسەر ناوچەیەکدا دەفڕن و هیچ کێشەیەک نییە. بەڵام هەندێک درۆن، بۆ ماوەیەکی درێژ بەسەر ناوچەیەکی سەربازیدا دەخولێنەوە، کە ئەمە جێگەی گومانە و ناکرێت چاوپۆشیی لێ بکرێت. ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو کردەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژاو بوو، هێشتا زانیارییەکی تەواومان دەربارەی جۆر و خاوەندارییەتی ئەو درۆنانە، لەبەردەستدا نییە.

وەزیری بەرگریی بەلجیکا، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: لەوانەیە ئەوانە درۆنی سیخوڕی بووبن. شیوازی فڕین و کات و ئەو شوێنەی بەسەریدا فڕیون، هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەو درۆنانە، بە گوێرەی بەرنامە و پلانی داڕێژراو نێردرابوون.

فرانکن، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: وڵاتەکەمان بودجەیەکی 50 ملیۆن یۆرۆیی بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و ئامێری  پەکخستنی سیگناڵی درۆن، تەرخان کردووە. یەکێتیی ئەورووپاش نیو ملیار یۆرۆی بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئەورووپیی تەرخان کردووە.

پێگەی هەواڵی (ئینتەرنێت غەزێت)ی بەلجیکی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوی کردووەتەوە "بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکان، ئەو درۆنانە لە درۆنی ئاسایی گەورەتر بوونە و لەسەر فرەکیونسییەکی جیاواز کاریان کردووە. جگە لەوەش لەبەر تاریکیی شەو، درۆنەکان دەرنەکەوتوون و نەزانراوە چ جۆرێکن."

بنکەی سەربازیی کلەینە بریوغڵ، لە پارێزگای ئەنتوێرپن و نزیک لە سنووری هۆڵەندا، بنکەیەکەی سەربازیی ستراتیجییە و چەکی ئەتۆمیی ئەمەریکی تێدا هەڵگیراوە. بڕیاریشە لە ساڵی 2027ەوە فڕۆکەی جۆری F35 ی تێدا جێگیر بکرێت.

هەرچەندە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بە ئاشکرا ڕووسیا بە خاوەندارییەتی ئەو درۆنانە تۆمەتبار ناکەن، بەڵام گومانی خۆیان لە ڕۆڵی ڕووسیا لەو بارەیەوە ناشارنەوە. 

هەفتەی ڕابردوو، فریدریک مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، گوتی: تا ئێستا چەند جارێک فڕینی درۆنی نەناسراو بە ئاسمانی ئەڵمانیادا، تۆمار کراوە. کێ ئەم کارە دەکات؟ وەڵامێکی سەلمێنراومان نییە، ناتوانین بیسەلمێنین لەوەی ئەوە کاری ڕووسیایە. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment