چین ڕەتی دەکاتەوە چەکی ئەتۆمی تاقی کردبێتەوە
سەرۆک ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتانی وەک ڕووسیا و چین چەکی ئەتۆمی تاقی دەکاتەوە؛ هاوکات وەزارەتی دەرەوەی چین ڕەتی دەکاتەوە پێشتر چەکی ئەتۆمییان تاقی کردبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پرۆگرامی "60 خولەک"ی کەناڵی سی بی ئێس ڕایگەیاند: ڕووسیا و چین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ژێرزەمینییان بەبێ ئاگاداری گشتی ئەنجام داوە.
هەروەها گوتی: "نامەوێت تاکە وڵات بم کە چەکی ئەتۆمیم تاقی نەکردبێتەوە، بۆیە بە دڵنیایەوە ئێمەش تاقی دەکەینەوە،" دەشڵێت: کۆریای باکوور و پاکستانیشی لە لیستی ئەو وڵاتانن کە گوایە تاقیکردنەوەکەیان کردووە.
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەکین لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە و گوتی: وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتێکی بەرپرسیاری خاوەن چەکی ئەتۆمی، چین هەمیشە پابەندی ڕێڕەوی بەرەوپێشبردنی ئاشتییانە بووە و بەدوای سیاسەتێکەوە بووە تێیدا کە یەکەم جار چەکی ئەتۆمی بەکار نەهێنێت و ستراتیژییەتی ئەتۆمی بۆ بەرگری لەخۆکردنی پاراستووە و بە ڕاگرتنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی پابەند بووە.
باسی لەوەش کردبوو، ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار بکەن تاوەکوو بەیەکەوە قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی بپارێزین، هەروەها پارێزگاری لە ڕێککەوتنی داماڵین و بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بکەین؛ هیواشی خواست، ئەمەریکا لەژێر ڕێککەوتنی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ڕاگرتنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی، بەتەواوی پابەندی ئەرکەکانی دەبێت، هەنگاوێکی کۆنکرێتی بگرێتە بەر تا پارێزگاری لە ڕێککەوتی داماڵین و بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و هاوسەنگییەکی ستراتیژی جیهانی و سەقامگیری بپارێزێت.
ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) وەزارەتی جەنگی وڵاتەکەی بۆ ئامادە کاری بۆ تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی ڕاسپاردبوو.
ئەمەش دوای ئەوە هات پێشتر ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، مووشەکێکی کروزی نوێی بە وزەی ئەتۆمی تاقی کردووەتەوە بە ناوی "بورێڤێستنیک"، لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ژێر دەریایی کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات و توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمیشی هەیە.
