ئیسرائیل.. دەستگیرکردنی داواکارێکی گشتیی سەربازی
یفاد تۆمەر یوراشالمی، داواکاری گشتیی سەربازیی دەست لە کارکێشاوەی ئیسرائیل، پاش بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەک کە تێیدا سەربازانی ئیسرائیل لە زیندانییەکی فەڵەستینی دەدەن، لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
دووشەممە، 3ـی تشرینی دووەم 2025، ڕۆژنامەی تایف ئۆف ئیسرائیل، بڵاوی کردەوە تۆمەر یوراشالمی، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، پێش دەستگیرکرانی، دەستی لە کار کێشاوەتەوە.
یوراشالمی، له نامه‌ی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌یدا به‌رپرسیارێتیی خۆی لە بڵاوکردنه‌وه‌ی گرتە ڤیدیۆکه له ئه‌ستۆ گرتووه و ڕایگه‌یاندووه ویستوویه‌تی "ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پڕوپاگه‌نده چه‌واشه‌کارانه‌یه ببێته‌وه که دژی ده‌سه‌ڵاته سه‌ربازییه‌کانی جێبه‌جێکردنی یاسا ده‌کرێن."
لە گرتە ڤیدیۆکەدا، که کامێراکانی چاودێریی تۆماریان کردووه، ده‌رده‌که‌وێت چه‌ند سه‌ربازێک ئازاری ئەندامێکی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس دەدەن کە له بنکه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رکردنی سه‌ربازیی "سدێ تێمان" له باشووری ئیسرائیل، ڕاگیراوە.
ڕاپۆرته‌کان ئاماژه‌یان به‌وه کردووه، بە ئاشکرا دەرناکەوێت ئایا سەربازەکان لە زیندانیکراوەکە دەدەن یان نا؟ چونکه سه‌ربازه‌کان به قه‌ڵغانه‌کانیان دیوارێکیان بە دەوری ده‌ستبه‌سه‌رکراوه‌که‌دا دروست کردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، دەستبەسەرکراوەکە، دواتر گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
پۆلیس ده‌ستی به لێکۆڵینه‌وه کردووه بۆ ئەوەی بزانێت ئایا که‌سانی سه‌ر به نووسینگه‌ی داواکاری گشتیی سه‌ربازی له بڵاوکردنه‌وه‌ی گرتە ڤیدیۆکه، تێوه‌گلاون یان نا؟ تا ئێستە پێنج سەربازی یەدەک بە ئازاردانی ئەو ئەندامەی حەماس تۆمەتبار کراون.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڵاوکردنه‌وه‌ی گرتە ڤیدیۆکه‌ی سه‌رکۆنه کرد و به "مه‌ترسیدارترین هێرشی پڕوپاگه‌نده‌یی که ئیسرائیل له دامه‌زراندنییه‌وه ڕووبه‌ڕووی بووبێته‌وه" وه‌سفی کرد.
ناتانیاهۆ، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان دەکرێت.
