ناتانیاهۆ: نەوەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو خۆشمان گۆڕی

لەگەڵ بەردەوامیی ئامادەباشیی سەربازیی ئیسرائیل لە غەززە و لەسەر سنوور لەگەڵ لوبنان، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە،  ئیسرائیل نەوەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیوە، بەڵکو گۆڕانکاریشی لە پێکهاتەی سوپاکەیدا کردووە،گوتی: چیتر چەمکی "گرتنەخۆ"بوونی نەما.

ناتانیاهۆ لە لێدوانێکدا، ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فگەرماندەکانی هێزی یەدەگی سوپا، ستایشی هێزەکانی ئیسرائیلی کرد و  بە سوپایەکی "سەرسوڕهێنەر" وەسفی کردن. 

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، سوپای هەمیشەیی و هێزەکانی یەدەگ کە پێیان دەگوترا نەوەی تیک-تۆک، ئێستا سەلماندیان کە ئەمە ڕاست نییە.

ڕاشیگەیاند: ماوەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ درێژ دەکاتەوە و هێزەکانی یەدەگ بەهێز دەکات.

ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە، سیستەمی یەدەگ پێکهاتەیەکی سەرەکییە، چونکە وڵاتەکەی پێویستی بە سوپایەکی گەورە و بەهێزە، وەک خۆی دەڵێت: هۆشداری بە حزبوڵڵا و حووسییەکان داوە.

دوێنێ یەکشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ  هەڕەشەی لە حووسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنان کرد، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادات بۆ سەر وڵاتەکەی، جەختی لەوە کردەوە کە گرووپی حووسییەکان هەڕەشەیەکی زۆر گەورە دروست دەکەن، گوتی "هەموو کارێکی پێویست دەکەین بۆ لبنبڕکردنیان."

هەروەها هۆشداری لەبارەی جووڵەکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان و هەوڵەکانی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی دا، سەبارەت بە غەززەش، بەڵێنی دا کە پاشماوەکانی حەماس لە خان یوونس و ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە لەناودەبات.

 

 
Fly Erbil Advertisment