پزیشکیان: لە ئێران بەرژەوەندیی کەسی ڕێگرە لە چاکسازیی

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: چاکسازیی و گۆڕانکاری لە ئێراندا ئاسان نییە، چونکە هەندێک کەس هەوڵ دەدەن دەسەڵات بۆ دەستکەوتی کەسی و پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان بەکار بهێنن.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەخنەی لە بەشێکی باڵەکانی دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرت و ڕایگەیاند: لەبەر ئەوەی هەندێک کەس هەوڵ دەدەن دەسەڵات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان بە کار بهێنن و تەنانەت ڕەفتاری هەڵەی خۆیان لە ژێر پاساوی پاراستنی بەرژەوەندیی دەسەڵات دەشارنەوە، بە داخەوە ئەمەش وای کردووە، هەوڵی چاکسازیی و گۆڕانکاری لە ئێراندا، ئاسان نەبێت.

گوتیشی: ئەگەر بەرپرسان ئیدارەدانێکی ڕاست و دروست بکەن و خزمەتی ڕاستەقینە پێشکەشی خەڵک بکەن، هیچ بەربەستێک بۆ خزمەتکردن نامێنێت، بەڵام کاتێک بە دوای بەرژەوەندیی کەسی، پێگە و سامان بین، کێشە سەرهەڵدەدات.

پزیشکیان ڕایگەیاند: تەنیا کاتێک هەنگاوەکان کاریگەر دەبن، کە خزمەتکردنی خەڵکی ئەرکی لە پێشینەی کارەکان بێت.

گوتیشی: زۆرینەی کێشەکانی وڵات بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنەوەیە، نەک کەمی سەرچاوەکان، هەر بەرپرسێک لە هەر پێگەیەکدا بێت بە سوودوەرگرتن لە بیرۆکە و لۆژیکەوە، دەتوانرێت زۆرێک لە کێشەکان چارە بکات، نەک چاوەڕێ بێت لە تارانەوە ڕەچەتەی بۆ بنێردرێت.

سەرۆکی ئێران ڕەخنەی لە زۆری خەرجی ناپێویست لە وڵاتەکەیدا گرت و ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکایەتیی ئێران چوار هەزار فەرمانبەری هەیە، لە کاتێکدا بە 400 کەس بەڕێوە دەچێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، جیا لە گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەکان، بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمییەکەیەوە، ئێستا بە دەست کێشەگەلێکی جۆراوجۆرەوە گیرۆدەیە، لەوانە هەڵاوسان، بێکاری، وشکەساڵی و بێ ئاوی، کە زەقترین دەرکەوینی بێ ئاویی بەسەر تارانەوە دەرکەوتووە و چەند جارێکە مەسعود پزیشکیان هۆشداری دەدات، ئەگەر وشکەساڵی و بێ بارانی بەردەوام  بێت، ناچارن تاران چۆڵ بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment