عێراقی سەوز: کاندیدەکان لەبانگەشەی هەڵبژاردندا زیانیان بە ژینگە گەیاندووە
ڕوانگەی عێراقی سەوز، ئاشکرای کرد کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن کە لە 3ـی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە دەستی پێ کرد، بە شێوەیەکی گشتی زیانیان بە ژینگە گەیاندووە.
ڕوانگەکە، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، ڕایگەیاند "دیمەنی ئەو دارانە، بە تایبەتی دارە بەتەمەنەکان کە بە هەڵواسینی تابلۆی بانگەشەی هەڵبژاردن داپۆشراون، نەگونجاو و ناشیرینن. جگە لەوەش هەڵواسینی پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان بە بزمار و و شکاندنی لق و پۆپی دارەکان، زیانیان بە زیاتر لە 300 هەزار دار گەیاندووە."
ڕوانگەکەی عێراقی سەوز، پێشتر لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لە زیان گەیاندن بە ژێرخان و دار و سەوزایی ناو دوورگە ناوەندەکانی نێوان شەقامەکان کردبوو.
ڕاگەیەنراوەکە، باسی تێکدان و شکاندنی ئامرازەکانی ئاودێری و ئاوپرژەکانیشی کردبوو کە لەلایەن ئەمانەی بەغدا و شارەوانییەکانی پارێزگاکانەوە نۆژەن کرابووەنەوە، کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا تێک دراون و دیمەنی هەموو ناوچەکانیان شێواندووە.
ڕوانگەی عێراقی سەوز، جەختی کردووەتەوە لەوەی "کاندیدەکان تەنیا بە دانانی وێنەکانیان لەسەر شەقامەکان وازیان نەهێناوە، بەڵکو هەندێکیان وێنە و پۆستەریان لەسەر ستوونەکانی کارەبا داناوە، سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمانەی بەغدا و کۆمسیۆن، چونکە دوای کۆتاییهاتنی هەڵمەتی ڕاگەیاندن، لابردنیان ئەستەمە و مەترسی بۆ سەر گیانی کرێکارانی شارەوانی دروست دەکات."
ڕوانگەکە، داوای کرد پێویستە سزای توندتر هەبێت و مەرجی "ڕەوشت و هەڵسوکەوتی باش" هەموو ئەو کەسانە بگرێتەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا سەرپێچیی ڕێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، چونکە هەڵواسینی وێنە و پۆستەر بەم شێوەیە، ڕەفتارێکی ناشارستانییە.
ڕوانگەی عێراقی سەوز، دووپاتی لە پابەندبوونی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، بە بنەماکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کردەوە، بەهۆی بوونی سزای توند بۆ پاڵێوراوە سەرپێچیکارەکان. هەر بۆیە، هیچ وێنەیەک لە دوورگە ناوەندییەکاندا نییە و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکان کراوە بۆ ئەوەی وێنەکانیان لە چوارچێوەی شاشەی ئەلیکترۆنیدا بن کە لابردن یان گۆڕینیان دوای کۆتاییهاتنی هەڵمەتی ڕاگەیاندن ئاسان بێت.
