پەرلەمانتارێکی ئێران: دژایەتیی یاسای حیجاب، هۆی وشکەساڵی و بەدڕەوشتییە لە ئێراندا
کامەران غەزەنفەری، پەرلەمانتاری ئێران، وشکەساڵی و بێبارانی دەخاتە ئەستۆی پزیشکیان و حکوومەتەکەی و دەڵیت: ئەگەر دژایەتیی یاسای حیجابت نەکردایە، تووشی ئەم هەموو قەیرانە نەدەبووین.
شەممە، 8ـی تشرینی دووەم 2025، کامەران غەزەنفەری، پەرلەمانتاری ئێران بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا'ی گوت: سەرۆک کۆماری ئێمە باسی چۆڵکردنی تاران دەکات و دەڵێت "ئەگەر باران نەبارێت ناچارین تاران چۆڵ بکەین." من لە سەرۆک کۆمار دەپرسم بۆچی باران نابارێت؟ بۆچی خێر و بەرەکەتی خوا کەم بووەتەوە؟ ئایا بیر لەوە ناکەیەتەوە کە بۆخۆت تا ڕادەیەک هۆکاری ئەو هەموو کارەساتانەیت؟
غەزەنفەری، گوتیشی: پێشنیاز بە سەرۆک کۆمار دەکەم، پێش ئەوەی خەڵکی تاران ئاوارە بکات، با سەرەتا کابینەی حکوومەتەکەی بۆ پارێزگاکانی ئێران بگوێزێتەوە. پاشان دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ دەرەوەی تاران بگوێزێتەوە، ئەو دەم دەبینین زۆربەی ئەو قەیرانانە کۆتاییان دێت.
ئەو پەرلەمانتارەی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر پزیشکیان دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار و کابینەی حکوومەتەکەی دابخات، زۆربەی کێشەکانی وڵاتەکەمان نامێنن، ئاخر شێوازی کار و سیاسەتی ئەم حکوومەتە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو هەموو قەیرانە.
کامەران غەزەنفەر، لایوایە، تێنەپەڕاندنی یاسای حیجاب و پاکژیی لە پەرلەمان و دژایەتیی حکوومەتەکەی پزیشکیان بۆ ئەو یاسایە، هۆی سەرەکی وشکەساڵی و بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتییە لە کۆمەڵگەی ئێراندا و گوتی: جەنابی پزیشکیان! دژایەتیی تۆ بۆ تێپەڕاندنی یاسای حیجاب و پاکژی، بووەتە هۆی ئەوەی ئیتر خێر و بەرەکەتی خوا لەسەر ئەم خاکە کەم ببێتەوە و وشکەساڵی بێبارانی دەست لە یەخەمان نەکەنەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: سەرۆک کۆمار دەبێ ئەوە بزانێت کە دژایەتیی کردنی یاسای حیجاب و پاکژی بووەتە هۆی داتەپانی ڕەوشتی کۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتی لە وڵاتدا؛ دیارە کاتێک سەرۆک کۆماری وڵاتێک پشتیوانیی ئەو دۆخە بکات، ئیتر نابێت چاوەڕوانی ئەوە بێن خوا خێر و بەرەکەتمان بەسەردا ببارێنێت.
