ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستپێکردنی وەرزی هەڵپاچینی داری باخەکان
وەرزی پاییز گەیشتووەتە نیوەی خۆی و دەستپێکردنی سەرما و بەفر و باران نزیکە. خاوەنباخەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو ساڵێ، لە ناوەڕاستی پاییزدا دەست دەکەن بە هەڵپاچینی دارەکانیان.
ئەم کارە ئەگەر بە دەستی کەسانی شارەزا بکرێت، بەری ساڵی داهاتووی زیاد دەکات و جیا لەوەش، ئەگەر دارەکە لە لقە بەرزەکانیدا تووشی نەخۆشی بووبێ یا کرم لێی دابێ، ئەوان پێ دەزانن و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.
عەبدوڵڵا فەریقی، خاوەن باخ و وەستای دار هەڵپاچین، بە کوردستان24ـی گوت: لە کاتی هەڵپاچینی دارەکاندا، زۆر لەو نەخۆشییانە دەدۆزینەوە کە تووشی دارەکان بوونە. زۆر کەس نازانن ئەو نەخۆشییانە چین؟ بە تایبەتی ئەوانەی لە لق و چڵە بەرزەکانی دارەکانیان داوە. بەڵام ئێمە دەیانبینین و دەزانین کە دارەکە، ئەسپێ یان کرم لێی داوە. ئێمەش خاوەنباخەکە ئاگەدار دەکەینەوە.
لەم وەرزەدا سەدان وەستا و کرێکاری بەئەزموون و شارەزای ئەم بوارە، لە سەدان هەزار هێکتار لە باخەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکی دار هەڵپاچین دەبن. ئەمە پیشەیەکی کاتییە و کارێکی قورسیشە و پێویستیی بە شارەزاییی تایبەت هەیە. بەڵام ئەو کرێکارانەی لەم بوارەدا کار دەکەن دەڵێن هەقدەستیان کەمە و بە گوێرەی ماندووبوونەکەیان نییە.
مەجید ئەنوەری، کرێکار، دەڵێت: ئێمە لە کۆتایی پایز تا سەرەتای زستان، بۆ ماوەی مانگێک یان زیاتر کار دەکەین و پاشان لە سەرەتای بەهاریشەوە مانگێک بۆ مانگ و نیوێک کار دەکەین. بەڵام هەقدەستمان کەمە و ئەو کەرەستانەی کە بۆ هەڵپاچینی دارەکان بەکاریان دەهێنین، نرخەکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر دەبن.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەر پێنج پارێزگاکا زیاتر لە 280 هەزار هێکتار باخی لێیە کە نزیک نیوەی ئەم باخانە لە پارێزگای ورمێ هەڵکەوتوون. ئەم باخانە ساڵانە زیاتر لە 12 ملیۆن تۆن میوەیان لێ بەرهەم دێت. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە باخداری یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ژیان و گوزەران و بژێوی دەیان هەزار کەسی لەسەرە.
