لە بەغدا بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە، ڕێژەی بەشداری لە یەکێک لە بنکەکان لاوازە
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەیف عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە یەکێک لە بنکەکانی ئەو شارە بە هێواشی بەڕێوەدەچێت.
پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی بنکەکە لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە قەرەباڵغییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام تا ئێستا ڕێژەی بەشداریکردن زۆر کەمە. لەم بنکەیەدا، کە دوو هەزار و 400 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، تەنیا نزیکەی 38 کەس توانیویانە دەنگ بدەن. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ بوونی گرفتێکی تەکنیکی لە یەکێک لە وێستگەکانی بنکەکە دەگەڕێتەوە، کە تا چەند خولەکێک پێش ئێستا چارەسەر نەکرابوو.
لە ئاستی عێراقدا، یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەیە. لە شاری بەغداش بە تایبەتی، 270 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان هەیە و 170 بنکەی تایبەت بەم پرۆسەیە تەرخان کراوە.
کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
