هێزەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە گوێرەی پلانێکی داڕێژراو دەنگ دەدەن

لە بنکەی دەنگدانی قوتابخانەی شۆڕش لە هەولێر، ئەندامانی هێزەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە گوێرەی پلانێکی داڕیژراو دەنگ دەدەن.

نیان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، دەڵێت: کارمەندان و ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی هەولێر، لە بنکەی دەنگدانی قوتابخانەی شۆڕش، بە گوێرەی پلانێکی داڕێژراو دەنگ دەدەن بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر سەر جێبەجێ کردنی ئەرکی ڕۆژانەیان نەبێت. 

سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی هەولێر، ڕایگەیاند "ئێمە پێشتر پلانمان بۆ دەنگدانی ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دارشتووە، بەشێکیان لە بنکەکاندا دەمێننەوە بۆ ئەوەی لە کاتی ڕووداوێکدا ئامادە بن و فریای سەر و ماڵی هاووڵاتیان بکەون. واتە دەنگدانمان کردووە بە نۆرە."

کاڕەش، هەروا گوتی: پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی زۆر ئارام و گونجاو بەڕێوە دەچێت و لە سەعاتی 7 ی بەیانییەوە تا ئێستا نزیکەی %30ی هێزەکانمان دەنگیان داوە و تا ئێستە هیچ گرفتێک ڕووی نەداوە. 

کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.

لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.

لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.

دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

 
Fly Erbil Advertisment