سیهاد بارزانی: بە کەمتر لە خولەکێک دەنگم دا و داواش لە پێشمەرگەکان دەکەم بێنە دەنگدان

سیهاد بارزانی داوا لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، بەشدارییەکی کارایان لە دەنگدانی تایبەتدا هەبێت و دووپاتی دەکاتەوە "بە دەنگدان مافەکانی گەلی کورد لە عێراق بەدەست دەهێنین".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی یەک لە بنکەیەکی دەنگدانی شەقڵاوە دەنگی دا؛ دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە. 

سیهاد بارزانی ڕایگەیاند: "پەیامی من بۆ هەموو پێشمەرگەیەک ئەوەیە کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق زیاتر بن و بتوانن داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد لە بەغدا بکەن."

سەبارەت بە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت، سیهاد بارزانی ئاماژەی بەوەدا، ئەمجارە پرۆسەکە "زۆر زۆر باشتر بوو" لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو و گوتی: "کێشەکانی جاران چارەسەر کراون و پرۆسەکە زۆر ئاسان بوو، دەنگدانەکە زیاتر لە خولەکێکی نەخایاند. جاری ڕابردوو لەبەر کێشە تەکنیکییەکان، نزیکەی 100 بۆ 200 هەزار دەنگ فەوتان."

لەبارەی دەنگدانی گشتیش کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبچێت، سیهاد بارزانی گوتی: "داوا لە هەموو گەلی کورد دەکەم کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لیست و کاندیدی دڵخوازیان هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بۆ هەموو جیهان و عێراقیش بیسەلمێنین کە کورد گەلێکی زیندووە و دەتوانێت بەرامبەر هەموو ئاڵنگارییەکان خۆی ڕابگرێت."

فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک جەختی لەوە کردەوە "ئێستا کە پرۆسەی دەنگدانە، تاکە ڕێگە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلەکەمان لە ڕێگەی دەنگدان و پرۆسەیەکی دیموکراسییانەوە دەبێت."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سیهاد بارزانی ڕۆڵی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: "پێشمەرگە بە خوێنی خۆی سەلماندوویەتی، بەرگری لەم خاک و گەل و کیانە دەکات و بەردەوامیش دەبێت."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment