بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی میحوەری مەخمور - گوێڕ: دەنگدان بە ئارامی و دوور لە پێشێلکاری بەڕێوەدەچێت

بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی میحوەری مەخمور - گوێڕ ڕایگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سنوورەکەدا بە شێوەیەکی ئارام و سەرکەوتوو بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، عەمید ڕوکن سروود ساڵح، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی میحوەری مەخمور - گوێڕ، لە بنکەیەکی دەنگدان دەنگی دا و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، ڕایگەیاند "پرۆسەکە تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت، هیوادارین تا کۆتایی بەم شێوەیە بەردەوام بێت و دوور بێت لە هەموو فشار و پێشێلکارییەک."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی، کێشەیەکی تەکنیکی لە خوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران هەبووە، کە بووە هۆی خاوبوونەوەی پرۆسەکە و وایکرد لە کۆی 1000 پێشمەرگە تەنها 50 کەس بتوانن دەنگ بدەن؛ بەڵام دواتر کێشەکە چارەسەر کرا و پرۆسەکە ئاسایی بووەوە.

بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی میحوەری مەخمور - گوێڕ باسی لەوەش کرد، بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی و گرفت لە بەردەم بنکەکانی دەنگدان، هێزەکانی پێشمەرگە بەگوێرەی خشتەیەکی تایبەت دابەشکراون بۆ ئەوەی لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا دەنگ بدەن.

دەنگدانی تایبەت ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2025، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و هێزە ئەمنییەکان، ئاوارەکان و چەند چینێکی دیکە مافی دەنگدانیان هەیە.

 زیاتر لە 1,313,000 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ مافی بەشداریکردنیان هەیە. هەروەها، زیاتر لە 26,000 ئاوارەش بەشداری دەکەن، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.

بۆ مەبەستی دەنگدانی تایبەت، 809 بنکەی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراقدا کراوەتەوە. پرۆسەکە تا کاتژمێر 6:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سندوقەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ماوەکە درێژ ناکرێتەوە.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment