شەماڵ مەزمیر: ئاوارەکانی شنگال لە دەرەوە و ناوەوەی کەمپەکان دەتوانن دەنگ بدەن

بەرپرسی لقی کۆمیسیۆنی ناحیەی قەسرۆک ڕایگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سنووری ناحیەی قەسرۆک بە باشی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ گرفتێکی تەکنیکی ڕووینەداوە. 

ئەمرۆ یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025، شەماڵ مەزمیر، بەرپرسی لقی کۆمیسیۆنی ناحیەی 'قەسرۆک'ـی سەربە قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، پێش هاتنی دەنگدەران لە لایەن کارمەندانی کۆمیسیۆنەوە دەرگای بنکەکان بە ڕووی هاووڵاتیاندا کراوەتەوە، پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێکی تەکنیکی نەبووە.

ئاماژەی بەوەکردووە، لە کەمپی شێخان، زیاتر لە 800 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، دابەشکراون بە سەر سێ وێستگەی دەنگدان، سەرجەم ویستگەکان کراوەن و هیچ گرفتێکیان نییە، ئێمەش تا کۆتایی پرۆسەکە لێرە دەبین، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین، هەر کێشە و گرفتێک هەبێت بە زووترین کات چارەسەری دەکەین.  

لە بارەی پرۆسەی دەنگدانی ئاوارەکانی شنگال کە لە کەمپەکاندا ماونەتەوە، مەزمیر، ئاماژەی دا، ئەوانەی لە کەمپەکاندا گەمارۆسازی و تۆمارکردنیان بۆ ئەنجامدراوە، لە ناو کەمپەکان دەتوانن دەنگ بدەن و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شنگال، ئەوانەشی لە دەرەوەی کەمپەکان پرۆسەی گەمارۆسازی و تۆمارکردنیان بۆ کراوە لە شوێنی خۆیان دەنگ دەدەن، ئەمەش وەکو ئاسانکارییەکە بۆ خەڵکی شنگال، بۆ ئەوەی بە گوێرەی شوێنی نیشتەجێبوونیان بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و دەنگەکانیان بەهەدەر نەچێت.  

کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە ئەمنییە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.

لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.

لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.

دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment