پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەنگدان لە کەرکووک بگاتە 100%
سەرپەرشتیاری لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی دەنگدان لە کەرکووک بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت، تاوەکوو ئێستا هیچ لایەن و کاندیدێک سکاڵای تۆمار نەکردووە، پێشبینی دەکەین تا کاتی داخستنی سندووقەکان 100%ـی ڕێژەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای کەرکووک تۆمار بکرێت.
یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، لوئەی کاکەی، سەرپەرشتیاری لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24، ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 7ی بەیانییەوە دەرگای بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی هاووڵاتییاندا کراوەتەوە، تاوەکوو ئێستا پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، هیچ پێشێلکارییەک ئەنجام نەدراوە و هیچ سکاڵایەکیش لە لایەن کاندید و لایەنە سیاسییەکانەوە تۆمار نەکراوە، بۆیە هیوادارین تاوەکوو کۆتایی هەروا بە ئارامی و دوور لە کێشە پرۆسەکە بەڕێوەبچێت.
کاکەیی ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی لە بەیانی زوودا هەندێک کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکاندا هەبووە، بەڵام چارەسەرکراون، هاوکات تاوەکوو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ ڕێژەی دەنگدان لە کەرکووک 61% بووە، بۆیە پێشبینی دەکەین لە کۆتایی پرۆسەکەدا ڕێژەکە بگاتە لە 100%.
کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنمایییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
دوو سبەییش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
