پەیامنێری کوردستان24: بەرپرسانی یەکێتی لە سلێمانی لێپرسینەوەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە لەسەر دەنگدانی تایبەت
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ئاشکرای دەکات کە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە سلێمانی، بەرپرسانی پلەدار لێپرسینەوەیان لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان کردووە لەبارەی ئەوەی دەنگیان بە کێ داوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هەندێک شوێندا، یەکێتی خێوەتی لەبەردەم بنکەکانی دەنگدان هەڵدابوو بۆ لێپرسینەوە لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان.
ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، ڕایگەیاند کە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سلێمانی بەبێ کێشەی تەکنیکی بەڕێوەچوو، کێشەی پەنجەمۆریش نەبووە بەهۆی چارەسەرکردنی کێشەکە لە ڕێگەی (فەیس ئایدیا)ەوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، تۆڕی ڕێکخراوە چاودێرەکانی هەڵبژاردن تۆماریان کردووە کە، یەکێتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چاودێری خۆی لە بنکەکانی دەنگدانی تایبەت دانابوو و لێپرسینەوەی لەو کەسانە دەکرد کە لە بنکەکانی دەنگدان دەهاتنە دەرەوە، لێیان دەپرسرا دەنگیان بە کێ داوە.
ئارام بەختیار دەڵێت: من خۆم چەند کەسێکم بینی کە لە بنکەی دەنگدان دەهاتنە دەرەوە و بەرپرسانی پلەدار لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیان دەپرسی، دەنگتان بە فڵانە کەس دا کە پێمان گوتن؟، بەمەش لێپرسینەوە لە هێزە ئەمنییەکان دەکرا لەسەر ئەوەی دەنگیان بە کێ داوە و چۆن دەنگیان داوە، هەندێکجاریش داوای وێنەیان لێدەکردن، سەرەڕای ئەوەی بردنە ژوورەوەی مۆبایل قەدەغە بوو.
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای دەکات، یەکێکی دیکە لە پێشێلکارییەکان کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە ئەوەیە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان دەهاتن بۆ دەنگدان، پێش ئەوەی بچنە ژوورەوە بۆ دەنگدان، قسەیان لەگەڵ دەکرا و ناویان تۆمار دەکرا، بەرپرسە پلەدارەکان لەبەردەم بنکەکان دەوەستان و لە هەندێک شوێنیش، لە پێش دەرگای بنکەی دەنگدان خێوەتیان هەڵدابوو، بەر لەوەی کەسێکی هێزە ئەمنییەکان بچێت دەنگ بدات، لەژێر خێوەتەکەدا سەیری کارتی دەنگدان و ناوی وێستگە و ناوی کەسەکەیان دەکرد.
ئارام بەختیار ئەوەشی خستەڕوو کە، ڕێژەی دەنگی پووچەڵ لە پارێزگای سلێمانی لە ئاستێکی بەرزدایە، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان چاویان لێ سوور کرابووەوە لەسەر ئەوەی دەنگ بە کاندیدە دیاریکراوەکان بدەن.
