ڕوانگەی سووری: سەدان خێزانی عێراقی و سووری کەمپی هۆلیان بەجێهێشتووە
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، 292 خێزانی عێراقی و سووری کەمپی هۆلیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەجێهێشتووە، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا دێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئامانجی ئەم بەرنامەیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت، کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و باشترکردنی بارودۆخی مرۆییە لە کەمپەکاندا، هەروەها ڕادەستکردنەوەی خێزانی چەکدارانی داعشە بە وڵاتەکانیان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، گەورەترین کاروان بریتی بووە لە 249 خێزانی عێراقی، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 840 کەس. ئەم خێزانانە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی عێراق، گواستراونەتەوە بۆ کەمپی "جدعە" لە پارێزگای نەینەوا لە عێراق، لەژێر پارێزگاریی ئەمنیی توندی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا.
هەر لەو ماوەیەدا، چەندان کاروانی دیکە لە خێزانە ئاوارەبووە سوورییەکان کەمپەکانیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان. لەوانە ڕۆیشتنی 43 خێزان (188 کەس) بەرەو حەلەب، لازقیە و دەرعا، هەروەها گەڕانەوەی 28 خێزانی دیکە (133 کەس) لە کەمپی مەحمودییەوە بۆ ناوچەکانی دێرەزوور، حومس و حەما.
لەلایەکی دیکەوە و وەک بەشێک لەم هەوڵانە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێنج ئافرەت و 12 منداڵی سەر بە خێزانەکانی داعشی ڕادەستی شاندێکی فەرمیی وڵاتی ئەفریقای باشوور کردەوە، ئەمەش بەگوێرەی بەڵگەنامەی فەرمی کە لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.
