سبەی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن کەس بەشداری لە دەنگدانی گشتی دەکەن
"ئەوانەی لە دەنگدانی تایبەت دەنگیان نەداوە سبەی دەتوانن لە دەنگدانی گشتی دەنگ بدەن"
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی پرۆسەی دەنگدانی گشتی دەست پێدەکات، تاوەکو ئیستا 10 هەزار کارتی دەنگدان لەلایەن هاووڵاتیانەوە وەرنەگیراوەتەوە و بەردەوامیشین لە پێدانەوەی کارتی دەنگدان، ئەنجامە بەراییەکانیش 24 کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکرێن.
دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، نەبەر عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئامادەکارییمان بۆ هەڵبژاردنی گشتی کردووە کە سبەی 11-11، لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانی تاوەکو 6:00ـی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
گوتیشی: لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەرمان هەیە، دابەشبوونە بەسەر هەزار و 312 بنکەی دەنگدان لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها پێنج هەزار 599 وێستگەی دەنگدانیشمان هەیە. هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بووە و ئامێرەکانی دەنگدانیان بۆ نێردراوە، هەروەها کاغەزی دەنگدان و تۆماری دەنگدەرانیش تەواو بووە و ئامادەکارییەکانی کراوە.
نەبەر عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە، تەنانەت لە ڕۆژی هەڵبژاردن لە 173 بنکە کارتی دەنگدان دابەش دەکەین، گوتیشی: تاوەکو ئێستا 10 کارت لە بنکەکانمان ماوە و لەلایەن هاووڵاتیان وەرنەگیراوەتەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەپڵیکەیشنێکمان هەیە بەناوی IHEC هاووڵاتیان دەتوانن لە ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس دایبەزێنن، بۆ ئەوەی پێشئەوەی بچنە بنکەی دەنگدان دەتوانن لە ڕێگای کیو ئاڕی کارتی دەنگدانەوە شوێنی دەنگدانیان بزانن.
لەبارەی دەنگدانی سەربازە خانەنشینکراوەکان گوتی: ئامێرەکانمان هەمووی زیرەکە، ئەو سەرباز و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان کە خانەنشین بوون، ناویان لە دەنگدانی گشتییە نەک دەنگدانی تایبەت، بۆیە دەتوانن بەیانی لە دەنگدانی گشتیی دەنگ بدەن.
دەربارەی سکاڵاکردنی لایەنەکان، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، ئەوانەی سکاڵایان هەبێت، لە ڕۆژی هەڵبژاردن تاوەکو 72 کاتژمێر دواتر واتە سێ ڕۆژ، دەتوانن سکاڵا پێشکەش بکەن، گوتیشی: تا ئێستا نزیکەی هەشت سکاڵا پێشکەش کراوە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی.
نەبەر عومەر دەشڵێت: داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەم، ئەوانەی پارێزگاری لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن، تکایان لێ دەکەم بە هیچ شێوەیەک نەیەڵن هاووڵاتیان بە مۆبایلەوە بچنە بنکەکانی دەنگدان، چونکە کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە و لایەنە سیاسییەکان و کاندیدان هەیە.
لەبارەی ئاشکراکردنی ئەنامە بەراییەکان بۆ دەنگدانی گشتیی و تایبەت، نەبەر عومەر ڕوونی کردەوە، بەپێی یاسای پەرلەمانی عێراق، 24 کاتژمێر دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی دەنگدانی گشتی. واتە ڕۆژی چوارشەممە دەورووبەری کاتژمێر 7 و 8ـی ئێوارە ئەنجامە بەراییەکان ئاشکرا دەکرێن.
