سەرۆکی حکوومەت سەرەخۆشی لە تورکیا دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی لە تورکیا پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەنێرێت.

چوارشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە کۆماری تورکیا کرد بۆ قوربانییانی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی تورکیا لە جۆرجیا.

لە پەیامێکدا بۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەرۆکی حکوومەت پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکە و حکوومەت و گەلی تورکیا کرد.

دوێنێ سێشەممە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازی تورکیا بە 20 سەرنشینەوە لە نزیک سنووری ئازەربایجان لە خاکی جۆرجیا کەوتە خوارەوە.

بە گوێرەی ئاژانسی ئەسیۆشێیتد پرێس، هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە و چارەنووسی سەرنشینەکان ڕوون نەبووەتەوە، هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بەرپرسانی دیکەی باڵای جۆرجیا و ئازەربایجان ئاماژەیانداوە، بەشێک لەسەرنشینەکانی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.

هەر لەمبارەوە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئەو فڕۆکەیەی کەوتووەتە خوارەوە لە جۆری C-130 لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ تورکیا، کەوتووەتە خوارەوە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment