ئەمڕۆ یادی 241 ساڵەی بونیاتنانی سلێمانییە

لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
لە بەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید
مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو

ئەمڕۆ 241 ساڵ بەسەر بونیاتنانی  شاری سلێمانی، پایتەختی ئیمارەتی بابان، تێپەڕدەبێت.

سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیری،  14ـی تشرینی دووەمی 1784، لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان، بونیاتنرا و هەرخۆی ناوی شارەکەی بەناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا کردووە.

دوای ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی 1851 و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا، شاری سلێمانی خرایە سەر کۆماری عێراقی ئێستا.

ئیبراهیم پاشای بابان، لە ساڵی (1783)دا دەستی بە دروستکردنی شاری سلێمانی کرد و ساڵی (1784) کۆتایی ھات، لە ھەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختی ئیمارەتەکەیان گواستەوە سلێمانی.

بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی 1955، پانی ڕووی شاری سلێمانی 20 ملیۆن و 250 ھەزار مەترە و ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە 60 ھەزار کەس و نزیکەی 7 ھەزار خانووی تیادایە.

سلێمانی لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتووە، ئەوانیش، کانی ئاسکان، گوێژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن و گەڕەکی جوولەکان.

شاری ڕۆشنبیری، چەندین کەڵە نووسەر و شاعیری مەزنی تێدا هەڵکەوتووە بۆ مێژوو، لەوانە نالی، مەحوی ، پیرەمێرد ، گۆران ، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، سالم، کوردی، ئەمین زەکی بەگ ، فایەق بێکەس، زێوەر، تۆفیق وەهبی، وەلی دێوانە، کاک ئەحمەدی شێخ و چەندینی دیکەش.  

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment